رووسیا فراوانترین هێرشی درۆنی بۆ سەر کیێڤ کرد


رووداو دیجیتاڵ

رۆژێک بەر لەیادکردنەوەی رۆژی دامەزراندنی شارەکە، رووسیا هێرشێکی فراوانی درۆنی کردە سەر شاری کیێڤی پایتەختی وڵاتەکە. ئۆکراینا دەڵێت لە دەستپێکردنی جەنگەکەوە ئەمە گەورەترین هێرشی درۆنییە رووسیا کردبێتییە سەر کیێڤ.

رۆژی یەکشەممە، 28-5-2023، هێزی بەرگریی ئاسمانی ئۆکراینا رایگەیاند، لەو 54 درۆنەی رووسیا هێرشی پێکردووەتە سەر کیێڤ، 52 دانەیانیان خستووەتە خوارەوە.
 
ڤیتالی کڵیچکۆ، سەرۆک شارەوانیی کیێڤ رایگەندووە، بەهۆی رووخانی باڵەخانەیەکەوە، کە درۆنەکان زیانی پێگەیاندووە، پیاوێکی تەمەن 41 ساڵ گیانی لەدەستداوە.
 
هێرشەکان سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ کراون؛ هەمان رۆژ کە کیێڤی پایتەخت یادی 1,541 ساڵەی دامەزراندنی دەکاتەوە. چالاکییەکانی رێوڕەسمی یادکردنەوەکە بریتین لە چالاکیی سەر شەقام، کۆنسێرت و کردنەوەی پێشانگە بۆ نیشاندانی پارچەی دێرین.
 
هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا لە تەلەگرام باسی لەوەکردووە، رووسیا هێرشی کردووەتە سەر ژێرخانی زۆر هەستیار لە وڵاتەکەدا.
 
هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر کیێڤ لەکاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا گرووپی ڤاگنەر کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی باخمووتی راگەیاند و شەڕ لەو ناوچەیە کەمبووەتەوە.