پارێزەرێک چات جی پی تی بۆ قایلکردنی دادگە لەسەر راستی و دروستی کەیسێک بەکاردەهێنێت

رووداو دیجیتاڵ 

پارێزەرێک لە ئەمریکا بە تۆمەتی ئەوەی بۆ سەلماندنی دۆسیەیەک چات جی پی تی بەکارهێناوە، رووبەڕووی دادگە دەبێتەوە.
 
دادوەر کێڤین کاسڵ، دادوەری دادگەی نیویۆرک باس لەوە دەکات، دادگەکەیان دۆسیەیەکی یاسایی بۆ بەرزکراوەتەوە، کە تێیدا هەندێک نموونە و زانیاری لەبارەی دۆسیەی هاوشێوە لە رابردوودا باسکراون، کە هەر نەبوون.
 
دواتر دادگەکە بۆی روونبووەتەوە، ئەو پارێزەرەی دۆسیەکەی ئاراستەی دادگەکە کردووە، چات جی پی تی بەکارهێناوە. پارێزەرەکە لە روونکردنەوەکەیدا بۆ دادگە رایگەیاندووە، نەیزانیوە دەکرێت زانیارییەکانی چات جی پی تی هەڵەبن.
 
ئەو دۆسیەی ئاڕاستەی دادگە کرابوو، بریتی بوو لە داوای یاسایی پیاوێک لە هێڵێکی فڕۆکەوانی، لەسەر ئەوەی لە گەشتێکیدا زیانیان بە کەلوپەلەکانی گەیاندووە.
 
ئەو تیمەی پاڵپشتی داوای یاسایی ئەو هاووڵاتییەیان کردووە، پەنایان بردووەتە بەر چات جی پی تی، بۆ ئەوەی دادگە قایلبکەن کار لەسەر دۆسیەکە بکات. دواتر پارێزەری هێڵە فڕۆکەوانییەکە بە دادگەی راگەیاندووە، نەیتوانیوە هەندێک لەو کەیسانە بدۆزێتەوە، کە لە سکاڵای هاووڵاتییەکەدا وەک نموونە باسکراون.
 
دادوەر کێڤن کاسڵ دەڵێت، "شەش لەو دۆسیانەی باسکرابوون ناڕاستبوون، کە شەش بڕیاری دادوەری هەڵە و دەق و سەرچاوەی ناڕاستیان تێدابووە." بۆیە دادوەر داوای لە تیمی پارێزەرانی کەسی داواکار کردووە روونکردنەوە بۆ دادگە بدەن.
 
لە دوای لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە، ئەو داوایەی بۆ دادگە بەرزکراوەتەوە لەلایەن ستیڤن شوارتزەوە نووسراوە، کە 30 ساڵە پارێزەرە و بەشێکە لەو تیمە یاساییەی کاری لەسەر کەیسی داواکارەکە کردووە، بەڵام بۆ گەڕان بەشوێن نموونەی کەیسی هاوشێوەدا چات جی پی تی بەکارهێناوە.
 
شوارتز بە دادگەی گوتووە، زۆر پەشیمانە پشتی بەو رۆبۆتی چاتکردنەکە بەستووە بۆ کاری یاسایی و، نەیزانیوە زانیاریی هەڵەی تێدایە. هەروەها بەڵێنی داوە هەرگیز جارێکی دیکە لە لێکۆڵینەوە یاساییەکانیدا، پشت بەو ژیرییە دەستکردە نەبەستێت.
 
دوای ئەوەی لە تشرینی دووەمی 2022 چات جی پی تی بڵاوبووەوە، هەرزوو ملیۆنان بەکاربەری لە جیهان لە چواردەوری خۆی کۆکردەوە. چات جی پی تی وەک شێوازی ئاخاوتنی مرۆڤ وەڵامی هەر پرسیارێکی زانستی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و مێژوویی و هتد.. دەداتەوە.
 
بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان، ئەو رۆبۆتە ژیرە تەواوی داتابەیسی ئینتەرنێت دەگەڕێت و بە ئامادەکراوی زانیارییەکان دەخاتە بەردەستی خوێنەرەکەی، بەڵام بەپێی ئەوانەی لەماوەی رابردوودا لێکۆڵینەوەیان لەو رۆبۆتە کردووە، هەندێک جار بۆ مانادان بە بابەت و وەڵامەکانی کە دەیانداتەوە، زانیاری و سەرچاوەی ناڕاست دەخاتە بەردەستیان.