رووداو دیجیتاڵ
لە زیاتر لە 76 زانکۆ لە ئەمریکا خۆپێشاندانی پشتگیری بۆ فەڵەستین بەڕێوەدەچێت و خوێندکار و پسپۆر و کەسانی ئەکادیمی بە یەک دەنگ داوای "ئاگربەستی غەززە" و "کۆتاییهاتنی قەیرانی مرۆیی دەکەن."
ئەمەش لەکاتێکدا گیانلەدەستدانی خەڵك لە غەززە 34,262 کەسی تێپەڕاند و 70٪ی قوربانییەکانیش ژن و منداڵن.
چوارەم رۆژە بەسەر یەک لە زانکۆی کۆڵۆمبیا لە مەنهاتن خۆپێشاندان بەڕێوەدەچێت و داواش لە خوێندکارە جووەکان کراوە لە ماڵەوە بمێننەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل بۆ سەر رەفەح لە ئانوساتدایە کە تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هۆشدارییان لەبارەوە داوە.
ئەم خۆپێشاندانانە ناڕەزایی لەنێو کابینەی جەنگیی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لێکەوتووەتەوە، بنیامین نەتەنیاهوو باوەڕی وایە خۆپێشاندانەکان ئاماژەن بۆ "کەمپەینی دژایەتیکردنی جووەکان" کە بە "ئەنتی سێمیتیزم" دەناسرێت.
هێزە ئەمنییەکانی ئەمریکا تاوەکو ئێستا لانی کەم 700 خۆپێشاندەریان دەستگیر کردووە، بەڵام خۆپێشاندان لە فراوانبوون دان و چاوەڕێ دەکرێت زانکۆکانی بەریتانیاش بگرێتەوە.
ئیدارەی بایدن لەژێر گوشارێکی بەردەوامی خەڵكی ئەمریکایە، هەردوو لەوانەی پشتگیری فەلەستین و ئیسرائیل دەکەن داوای ئاگربەدەست دەکەن. ئەم خۆپێشاندانانە لە گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دێن.
رۆژی یەکشەممە، 28ی نیسان جۆ بایدن لە پەیوەندیێکی تەلەفۆنی لەگەل بنیامین نەتەنیاهوو تاوتوێی ئەگەری گەیشتن بە ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکانی کرد، هۆشداریشی لە ئۆپەراسیۆنی سەر رەفەح دا کە جێگەی گیرسانەوەی زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزار ئاوارەو خەڵکی فەلەستینە.
لەدوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی بایدن. ژمارەیەک بەرپرسی ئەورووپی و ئەمریکی بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەوتوونەتە ڕێ، لەنێویاندا ئانتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە ئامانج لەسەردانەکەی سەرخستنی هەوڵەکانی ئاگربەستی غەززەیە.
بلینکن سەردانەکەی بە سعودیە دەستپێدەکات و لەوێ بەرپرسانی باڵای میسری و قەتەری دەبینێت کە خۆیان وەکو نێوەنگیر بۆ شەڕی ئیسرائیل و حەماس نیشانداوە.
ئاماژەیەکی گەیشتن بە رێککەوتن هەیە دوای ئەوەی ئیسرائیل لەدوای نزیکەی حەوت مانگ لەشەڕ ئاماژەی بەوەدا کە ئامادەیە ئارامی بۆ غەززە بگەڕێتەوە.
ئیسرائیل پێشنیازێکی خستووەتە بەردەم حەماس و بزووتنەوەکەش گوتوویەتی ئەرێنیانە سەیری دەکەن، بەڵام ئیسرائیل هۆشداریشی داوە کە ئەگەر ئەمجارە حەماس بە پێشنیازەکەی ئیسرائیل رازی نەبێت، ئۆپەراسیۆنی سەر رەفەح دەستپێدەکەن.
پێشنیازەکە جەخت لە ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان لە بەرامبەر ئاگربەست و ئازادکردنی زیندانیانی فەلەستینی دەکاتەوە، بەڵام روون نییە ئاخۆ پێشنیازی ئاگربەستی هەمیشەیی کراوە یاخود کات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ