دۆناڵد ترەمپ: بەڵێن دەدەم بایدن تێكبشکێنم
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ لە ویلایەتی نیوهامپشایەر لەبەردەم هەزاران کەس لە لایەنگرانی راگەیاند، لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کە بڕیارە کۆتایی ساڵی 2024 بەڕێوەبچیت، جۆ بایدنی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا "تێکدەشکێنێت."
رۆژی چوارشەممە 27ی نیسانی 2023 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا رایگەیاند، "جۆ بایدن رایگەیاندووە کە دەیەوێت چوار ساڵی دیکەی کارەساتبار لە سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەسەرببات. لەم هەڵبژاردنەدا دەبێت خەڵک لەنێوان بەهێز و لاواز، سەرکەوتن و شکست، ئاشتی و ئاژاوەگێڕی و خۆشگوزەرانی یان کارەسات بڕیار بدات."
ترەمپ گوتیشی، "لە کارەساتدا دەژین، بە دەنگەکانی ئێوە لە هەڵبژاردنی داهاتوو، بایدن و کۆشکی سپی تێکدەشکێنین و کارە تەواونەکراوەکەمان تەواو دەکەین."
رۆژی سێشەممە جۆ بایدنی تەمەن 80 ساڵ رایگەیاند، بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو خۆی بەربژێر دەکاتەوە. گوتیشی، "وەکو هەڵبژاردنی پێشوو، ئەو هەڵبژاردنەش دەبێتە شەڕی مان و نەمان."
راپرسییەکان دەریدەخەن کە 70%ی ئەمریکییەکان لە هەڵبژاردنی داهاتوو بەهۆی هەڵکشانی تەمەنیەوە، پشتیوانی لە سەرۆکی ئێستای وڵاتەکەیان ناکەن.
ترەمپ لە تشرینی دووەمی ساڵی 2022ەوە بە فەرمی خۆی بەربژێر کردووە. سەرەڕای هەموو کێشەکان لە هەڵکوتانی لایەنگرانی بۆ سەر بارەگای کۆنگرێس لە سەرەتای 2021 تاوەکو تۆمەتبارکردنی لە پەڕاوی بێدەنگکردنی ئەکتەرێكی فیلمە رووتەکان، هێشتا سەرووی 70%ی کۆمارییەکان پشتگیری لە ترەمپ دەکەن.