دادگەی باڵای هۆڵەندا دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران بۆ ئیتاڵیا قەدەخە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای هۆڵەندا دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران بۆ ئیتاڵیا قەدەخە دەکات و هۆکارەکەشی بۆ خراپیی مافەکانی مرۆڤ لە کەمپەکانی وڵاتەکە دەگەڕێنێتەوە.
دادگەی باڵای هۆڵەندا لە هەفتەی رابردوودا بڕیارێکی لەبارەی ئەو کۆچبەرانەوە دا، کە روو لە وڵاتە ئەوروپییەکە دەکەن و رایگەیاند، بەرپرسان بۆیان نییە کۆچبەران بنێرنەوە بۆ ئیتاڵیا، چونکە "لەو وڵاتەدا رووبەڕووی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دەبنەوە."
ئەم بڕیارە لەدوای ئەوە هات، دوو کۆچبەری ئەفریقی کە لە رێگەی ئیتاڵیاوە خۆیان گەیاندووەتە هۆڵەندا، سکاڵایان تۆمار کردووە.
ئەنجوومەنی دەوڵەتی هۆڵەندا کە باڵاترین دەسەڵاتی دادوەرییە و جگە لە ئەرکە دەستوورییەکەی، ئەرکی راوێژپێدانی حکومەت و پەرلەمانی هۆڵەندایە، دەڵێت، یەکێک لەو کۆچبەرانە نایجیرییە و سێ جار لە ئیتاڵیا داوای پەنابەرێتیی کردووە پێش ئەوەی بچێتە هۆڵەندا و ئەوی دیکە، کە خۆی وەکو کۆچبەرێکی ئێریتیریا ناساندووە، سەرەتا چووەتە ئیتاڵیا، بەڵام لەوێ داوای پەنابەرێتیی نەکردووە.
ئەنجوومەنەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "بەبێ وەرگرتنی پەناخوازان، مەترسی لەسەر پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەکو پەناگە، خواردن و ئاو هەیە و ئەوەش پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە."
ئیتاڵیا یەكێکە لەو وێستگە سەرەکییانەی کە کۆچبەرانی ئەفریقا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ گەیشتن بە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا بەکاریدەهێنن لە کاتی پەڕینەوە بە دەریای نێوەڕاستدا. حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی ئیتاڵیا بەردەوام گوشار دەخەنە سەر هاوبەشەکانیان لە یەکێتیی ئەوروپا، بۆئەوەی ساڵانە هەزاران کۆچبەر وەربگرن و باری سەر شانی ئیتاڵیا سووک بکەن.
یاساکانی یەکێتیی ئەوروپاش کۆچبەران ناچار دەکەن لەو وڵاتەی بۆ یەکەمجار پێدەنێتە نێوی، داوای پەنابەرێتی بکات و ببێتە پەناخواز. دادگەکەی هۆڵەندا دەڵێت، لە مانگی کانوونی یەکەمی پارەوە، بەرپرسانی ئیتاڵیا داوایان کردووە ئەو یاسایە هەڵبگیرێت، هۆکارەکەشی بۆ نەبوونی کەمپی پەناخوازان دەگەڕێنێتەوە.
ئەم بڕیارە وادەکات، رێگە نەدرێت ئەو کۆچبەرانەی لە ئیتاڵیاوە دەچنە هۆڵەندا و داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن، دیپۆرتی ئیتاڵیا بکرێنەوە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تەنیا لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا 2225 کەس لە هۆڵەندا داوای پێدانی مافی پەنابەرێتییان کردووە. لە ساڵی 2022شدا 46 هەزار و 460 پەناخواز لەو وڵاتە هەبوون.