چین هەوڵی نێوەندگیری لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا دەدات بۆ راگرتنی جەنگ

28-04-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
 شی جین پینگ هانی زیلینسکی دا گفتوگۆ لەگەڵ رووسیا بکات
شی جین پینگ هانی زیلینسکی دا گفتوگۆ لەگەڵ رووسیا بکات
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

چین شاندێک بۆ گفتوگۆی ئاشتی دەنێرێتە ئۆکراینا. جارێکی دیکە زەنگی تەلەفۆنی ئاشتیی سەرۆکی چین لێیدا. ئەمجارە لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی کە زیاتر لە 14 مانگە وڵاتەکەی لەگەڵ رووسیا لە شەڕدایە.

بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی چین، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا شی جین پینگ هانی زیلینسکی دا گفتوگۆ لەگەڵ رووسیا بکات، بەڵام زیلینسکی داوادەکات بەر لە هەموو شتێک سەروەریی خاکی ئۆکراینا لەبەرچاو بگیرێت کە ئێستا نزیکەی 17٪ـی لەژێر کۆنترۆڵی رووسیادایە.
 
شی بەڵێنی داوە بۆ سەرخستنی گفتوگۆکان شاندێک بنێرێتە ئۆکراینا و زیلینسکیش پێشوازی لێکردووە و دەڵێت، "گفتوگۆ دەرفەت دەڕەخسێنێت"، بەڵام سەرۆکی ئۆکراینا نیگەرانی لە زیادبوونی هەڕەشەی ئەتۆمی دەربڕیوە و سەرۆکی چینیش دەڵێت: "هیچ کەسێک لە شەڕی ئەتۆمدا براوە نابێت." هەردوولا هیوایان بە گفتوگۆی ئاشتی دەربڕیوە و هاوڕابوونە لەسەر ئەم رێچکەیە بەردەوام بن.
 
چین دڵنیایی دەدات کە لە نیازپاکیی زیاتر هیچ ئامانجێکی دیکەی نییە لەنێوەنگیریکردنی ئۆکراینا و رووسیا. یو جون، جێگری بەڕیوەبەری بەشی یۆرۆئاسیا لە وەزارەتی دەرەوەی چین دەڵێت، "چین بەردەوام دەبێت لە سەرخستنی گفتوگۆی ئاشتی و ئەرکی سەرشانی خۆی لە وەستاندنی شەڕ و پێکدادان و گەڕاندنەوەی ئاشتی لە زووترین کاتدا بەجێدەهێنێت."
 
جێگری بەڕێوەبەری بەشی یۆرۆئاسیا لە وەزارەتی دەرەەی چین گوتیشی، "چین قەیرانی ئۆکراینای دروست نەکرد و بەشێکیش نییە لە قەیرانەکە. وەکو ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش و گەورە وڵاتێکی بەرپرسیار، چین دەستەوەستان ناوەستێت و سووتەمەنی بە ئاگرەکەدا ناکات. دۆخەکەش لە بەرژەوەندیی خۆی ناقۆزێتەوە."
 
هەڕەشە ئەتۆمییەکان لە گفتوگۆ نزیکەی یەک کاژێرییەکەی نێوان شی جین پینگ و زیلینسکی بابەتێکی سەرەکی بووە.
 
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا گوتی، "ئۆکراینا و چین و زۆربەی جیهان وەک یەک بایەخ بە هێزی سەروەریی وڵاتان و سەربەخۆیی خاک دەدەن هاوتەریب لەگەڵ یاسا ئەمنییە سەرەکییەکان و بەتایبەتیش رەتکردنەوەی هەڕەشەکانی چەکی ئەتۆم و بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆم لە جیهاندا."
 
کاردانەوەکان لە ئەوروپا کە شەڕی بەر دەرگەی دووچاری قەیرانی سووتەمەنی کردووە، ئەرێنین بوون.
 
جۆسێپ بۆرێل، بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا باسی لەوە کرد، "زۆر گرنگە کە چین گفتوگۆ لەگەڵ ئۆکراینا دەکات. دەمەوێت ئەوەمان لەیادبێت کە هەموومان ئاشتیمان دەوێت. ئەمە تەنیا دەنگۆ نین کە داوای ئاشتی دەکەن و دەیانەوێت. بەر لە هەموو شتێک، ئەوەی زۆر بەدوای ئاشتییەوەیە ئۆکراینییەکانن، ئەگەر کەسێک ئاشتی بوێت، پێویستی پێی بێت، بییەوێت و داوای بکات ئەوە ئۆکراینییەکانن."
 
رووسیا پێشوازی لە نێوەندگیریی چین دەکات و ئەمریکاش، کە لەدەستپێکی شەڕەوە 78 ملیار دۆلار هاوکاری بە ئۆکراینا داوە، دەڵێت، هێشتا زووە بزانن بە ئاشتی دەگات یاخود نا.
 
هەوڵی نێوەندگیریی چین لە ئاداری ئەمساڵ رێگەی خۆشکرد پەیوەندییەکان لەنێوان ئێران و سعودیە ئاسایی ببنەوە و هەردوو وڵات باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکانیان بکەنەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە