دانیمارک رێکارەکانی پێدانی وڵاتینامە تووندتر دەکات

28-04-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی دانیمارک، کە هەر خۆی یەكێکە لەو وڵاتە ئەوروپییانەی رێکاری تووندی بۆ پێدانی وڵاتینامە هەیە، رێوشوێنی تووندتر بۆ ئەو پرسە دەگرێتەبەر.
 
بەگوێرەی گۆڕانکارییە نوێیەکان، ئەو کەسانەی داواکاریی وڵاتینامەی دانیمارکی پێشكێش دەکەن، دەبێت لەدوای پێشکێشکردنی داواکەیان، بۆ ماوەی نزیکەی دوو ساڵ لە وڵاتەکەدا نیشتەجێ ببن، دوای ئەوەش لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا وڵاتینامەکە پشتڕاست دەکرێتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 27ی نیسانی 2023 کاری دیڤاد، وەزیری کۆچی دانیمارک رایگەیاند، "تاوەکو ئەو کاتەی لە رێوڕەسمێکدا تەوقە دەکەیت، دەبێت لە دانیمارک بژیت."
 
ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئێستا ئەو کۆچبەرانەی وڵاتینامەیان پێدراوە، لەدوای ئەوەی لە پەرلەمان وڵاتینامەکەیان پەسند دەکرێت، دەتوانن سەردانی دەرەوەی دانیمارک بکەن و بچنەوە وڵاتەکانیان؛ پرسێک کە ساڵانە دوو جار لەلایەن پەرلەمانتارەکانەوە دەنگی لەسەر دەدرێت.
 
بەڵام کاتی نێوان پەسندکردنی پەرلەمان و رێوڕەسمی "تەوقەکردن" دەکرێت تاوەکو دوو ساڵ بخایێنێت.
 
رێکارەکانی پێدانی وڵاتینامەی دانیمارکی لەم کاتەدا قورس و سنووردارن. دەبێت خوازیارانی وڵاتینامە نۆ ساڵ لە وڵاتەکە بمێننەوە پێش ئەوەی بتوانن داوای وڵاتینامە بکەن.
 
بۆئەوەی ببیتە هاووڵاتییەکی دانیمارکیی هەمیشەیی، پێویستە لە تاقیکردنەوەی زمان و وڵاتینامە دەربچیت. بەو پێیەش، بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، نیوەی ئەوانەی داوای وڵاتینامە دەکەن، داواکەیان رەتدەکرێتەوە.
 
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی دانیمارکی بەردەوام رەخنە لە حکومەتی وڵاتەکەیان دەگرن لەوەی رێکارەکانی بەردەم پێدانی وڵاتینامە بە کۆچبەر و پەناخوازان تووندتر دەکات.
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی دانیمارک، لە ساڵی 2022دا لانیکەم 31 هەزار و 600 کۆچبەر بە مەبەستی کارکردن روویان لە دانیمارک کردووە. ئەو ژمارەیەش بەراورد بە ساڵێک پێشتر 24% زیادیکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی فایسێرڤ لە شاری میلواوکی ویلایەتی ویسکۆنسن

کۆنگرەی کۆمارییەکان دەکرێت و ترەمپ بەربژێری سەرۆکایەتیی ئەمریکایە

ئەمڕۆ کۆنگرەی کۆمارییەکان بۆ دیاریکردنی بەربژێرەکەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەستپێدەکات. لە دوا رۆژی کۆنگرەکە کە دەکاتە پێنجشەممە ترەمپ وەکو بەربژێری ئەو پارتە دەستنیشان دەکرێت. دوای رووداوی تەقەکردن لە ترەمپ، زۆرترین چاوەکان لەسەر لایەنی ئەمنیی کۆنگرەکەن.