توێژینەوەیەک: بەفربارین لە سویسرا 30% کەمیکردووە

28-04-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

زانایان لە سویسرا دەڵێن، ئەمساڵیش سەهۆڵبەندەکانی بەرزاییەکانی ئەلپ رووبەڕووی گەرمییەکی تووند بوونەتەوە و ئەو بەفرەی ئەمساڵ باریوە بەراورد بە 10 ساڵی رابردوو 30% کەمیکردووە.
 
هەموو ساڵێک لە مانگی نیساندا کاتێک کەڵەکەبوونی بەفر دەگاتە لووتکە لە چیاکانی سویسرا، رێکخراوی چاودێریکردنی سەهۆڵبەندەکانی سویسرا رووپێوی بۆ 15 سەهۆڵبەند دەکات.
 
ماتیاس هەس، سەرۆکی رێکخراوەکە دەڵێت، "لە ئەمساڵدا دۆخەکە نزیکە لەوەی ساڵی 2022 کە ریکۆردی لە توانەوەی سەهۆڵدا تۆمارکردووە. جارێکی دیکە، بۆ ئەمساڵیش بەفرێکی زۆر کەم باریوە."
 
ماتیاس هەس دەشڵێت، هەرچەندە لە هەموو ناوچەیەک دۆخەکە وەکو پار خراپ نییە، "بەڵام هێشتا زۆر لەژێر ئاستی مامناوەندییەوەین." توێژەرەکە باس لەوەش دەکات، تەنانەت چەند ناوچەیەک هەن کە 50%ی سەهۆڵەکەیان لەدەستداوە، ئەوەش دەبێتە نزمترین ئاست سەهۆڵبەندەکان لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا پێی گەیشتبن.
 
ئەو توێژەرانەی چاودێریی توانەوەی سەهۆڵبەندەکان دەکەن، هۆشداری دەدەن لەوەی پێشبینییەکان بۆ هاوینی ئەمساڵ "خراپن."
 
رێژەی بەفربارین بۆ سەهۆڵبەندەکان دووجار گرنگە، چونکە بەفری تازە کەوتوو نەک هەر ئەستوورییان زیاد دەکات، بەڵکو توێژێکی دیکەی سەهۆڵیان بۆ زیاد دەکات کە لە تیشکی بەتینی خۆر دەیانپارێزێت.
 
ئەمساڵ بۆ یەکەمین جار توێژەران لێکۆڵینەوەیان لەو سەهۆڵبەندانە کردووە کە 4100 مەتر لەسەر ئاستی رووی دەریاوە بەرزن. لەوبارەیەوە، هەس دەڵێت، "ئێمە سفر سانتیمەتری بەفرمان بەدیکرد. هەر هیچ بەفرێکی لێ نەبوو. بەڕاستی ئێمە شۆک بووین."
 
تاوەکو ساڵی 2100 تەواوی سەهۆڵبەندەکانی سویسرا دەتوێنەوە
 
بەگوێرەی رێکخراوی کەشناسیی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، هەشت ساڵی رابردوو لە مێژوودا گەرمترین بوون و پلەی گەرمیی مامناوەندیی هەسارەی زەوی لە ساڵی 2022دا 1.15 پلەی سیلیزی لە ساڵەکانی 1850 - 1900 گەرمتر بووە.
 
لە بەرزاییەکانی ئەلپ، ساڵی رابردوو بەهۆی کەمیی بەفربارینی زستانەوە سەهۆڵبەندەکان ژمارەی پێوانەییان لە توانەوە تۆمار کرد. لە مانگی ئاداردا خاکی ژێر سەهۆڵبەندەکان دەرکەوت و لەنێوان مانگی ئایار و ئەیلوولدا شەپۆلێکی تووندی گەرما رووی لەو ناوچەیە کرد.
 
دۆخەکە، بەتایبەتی لە سویسرا، کارەساتبار بوو، بە جۆرێک کە لەو ماوەیەدا 6.2%ی سەهۆڵەکەی لەدەستدا.
 
لەو بارەیەوە هەس بە سەرسوڕمانەوە دەڵێت، "ساڵی 2022 ریکۆردی شکاند. ئەوەی ئێستا مەندەهۆشم دەکات ئەوەیە کە لە کۆتایی زستاندا، جارێکی دیکە رووبەڕووی دۆخێک دەبینەوە کە زۆر هاوشێوەی ئەو کاتەیە."
 
هەس دەشڵێت، توانەوەی سەهۆڵبەندەکان لە ئەنجامی کاریگەریی دیاری گۆڕانی کەشوهەواوە روودەدات.
 
توێژەرەکە باس لەوەش دەکات، "ئەگەر گەرمبوونی زەوی لەنێوان 1.5 بۆ 2 پلەی سیلیزیدا بهێڵینەوە، دەتوانین سێیەکی سەهۆڵبەندەکانی چیاکانی ئەلپ بپارێزین،" بەڵام هۆشداریش دەدات لەوەی ئەگەر گەرمبوونی زەوی 4 پلەی سیلیزی تێپەڕێنێت، "تاوەکو ساڵی 2100 سەهۆڵبەندەکان بە تەواوی دەتوێنەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی دوای لافاوەکەی ئەفغانستان. وێنە: AFP

لە ئەفغانستان بەهۆی زریان و لافاو 35 کەس گیانیان لەدەستدا

بەرپرسانی ئەفغانستان دەڵێن، بەهۆی بارانی بەخوڕەوە لافاو دروستبووە و لانیکەم 35 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە و نزیکە 230 کەسی دیکەش بریندار بوون.