چین بۆ کۆریای باشوور: پابەندبە بە بنەمای 'یەک چین'

 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی چوارشەممە سەرۆکی کۆریای باشوور و سەرۆکی ئەمریکا لە واشنتن لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا جەختیان لە "بەرقەرارکردنی ئاشتی" لە گەرووی تایوان کردەوە، ئەوەش ناڕەزایی قووڵی چینی لێکەوتەوە.
 
رۆژی هەینی 28ی نیسانی 2023 وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کاروباری وڵاتانی ئاسیا لە وەزارەتی دەرەوەی چین لەگەڵ باڵیۆزی کۆریای باشوور لە وڵاتەکەی کۆبووەتەوە و تێیدا ناڕەزایی قووڵی چینیان بە بەرپرسانی کۆریای باشوور گەیاندووە. گوتیشی، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هەڵوێستی چین سەبارەت بە تایوان کراوە و داوا لە کۆریای باشوور کراوە پابەند بێت بە "بنەمای یەک چین"ەوە.
 
چینییەکان دەستەواژەی "یەک چین" بەکاردەهێنن وەکو ئاماژەیەک بۆئەوەی کە چین و تایوان یەک وڵاتن.
 
تایوان هەرێمێکی سەربەخۆی خۆبەڕێوەبەرە، بەڵام چین بە بەشێک لە خاکەکەی دادەنێت و بەردەوام هۆشداری دەداتە بەرپرسانی وڵاتان کە سەردانی تایوان نەکەن و کۆبوونەوەی دیپلۆماسی لەگەڵ بەرپرسانی نەکەن، ئەوەش لەبەر مەترسیی ئەوەی ئەو جۆرە کارانە وابکات دوورگەکە زیاتر سەربەخۆ دەربکەوێت.
 
لە مانگی ئابی ساڵی رابردوو، دوای ئەوەی کە نانسی پیلۆسی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا سەردانی تایوانی کرد، چین گەورەترین مانۆڕی سەربازیی دەریایی و ئاسمانیی خۆی لەنزیک تایوان کرد.