ڤیدیۆ.. تەرزەیەک لە تێکساس دەبارێت هێندەی تۆپی تێنس دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە ویلایەتی تێکساسی ئەمریکا تەرزەیەک دەبارێت کە هێندەی تۆپی تێنسی سەر زەوی دەبێت و زیانی بە ماڵ و موڵکی خەڵک گەیاندووە.
 
رۆژی پێنجشەممە 27ی نیسانی 2023 میدیای ئەمریکی چەند دیمەنێکی بارینی تەرزەی بڵاوکردەوە کە رۆژی پێشتر لە شاری دوبلینی تێکساس باریوە و بە جۆرێک گەورە بوو، ئەگەر بە لەپی دەست هەڵیگریت، هێندەی مشتێک یانیش تۆپێکی بەیسبۆڵ یاخود تۆپی تێنسی سەر زەوی دەبێت.
 
شایەتحاڵان دەڵێن، قەبارەی تەرزەکە لەوەی کە لە بەشێک لە ڤیدیۆکان دەردەکەوێت گەورەتر بووە و نیوەتیرەی بەشێک لە دەنکە تەرزەکان "4.5 ئینج بووە و لە هەندێک شوێنیش قەبارەی تەرزەکە 4 ئینج بووە،" لە کاتێکدا نیوەتیرەی تۆپی تێنس 2.5 ئینجە.
 
لە ڤیدیۆیەکدا دەردەکەوێت مانگایەک لەبەر تووندیی تەرزەکە رادەکات و تەرزەکە هێندە بەهێزە کاتێک دەدات لە ئاوی مەلەوانگەیەکیش نزیکەی یەک مەتر ئاوەکە بەرز دەکاتەوە.
 
بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمریکا، تەرزەکە زیانی بە نزیکەی 100 ئۆتۆمبێل و ژمارەیەک خانوو گەیاندووە کە جامی پەنجەرەکانیان شکاندووە و زیانی بە بانی خانووەکانیش گەیاندووە.
 
بەرپرسانی ویلایەتەکە هۆشداری دەدەن لەوەی لە ماوەی ئەم دوو رۆژەدا شەپۆلی بەهێزی تەرزە و و باران روو لە چەند ویلایەتێکی باشووری ئەمریکا دەکات.