prev
next
رووداو دیجیتاڵ
رووپێوی جیۆلۆجی ئەمریکا دەڵێت، دوو بوومەلەرزە میانماریان هەژاندووە و یەکێکیان 7.7 پلەی رێختەر بووە. هەروەها قووڵییەکەی 10 کیلۆمەتر بووە. بەشێک لە دانیشتووانی میانمار وڵاتەکەیان بەرەو تایلاند جێهێشتووە.
چەقی بوومەلەرزەکە، شاری ساگاینگ بووە لەنێوەڕاستی وڵاتەکە. تاوەکو ئێستا راگەیێندراوی فەرمی لەلایەن حکومەتی میانمار لەبارەی زیانەکانەوە نەبووە. بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز لە ئەنجامی رووخانی مزگەوتێک، سێ کەس گیانیان لەدەستداوە.
ئەندامێکی تیمە فریاگوزارییەکان لە شاری مەندەلای دەڵێت، چاوەڕواندەکرێت سەدان کەس گیانیان لەدەستدابێت.
"ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە زۆر بەرزە، ژمارەی تەواوی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە بەتەواوی دیار نییە، بەڵام لانیکەم سەدان کەس دەبن." ئەمە بەگوێرەی ئەندامێکی تیمە فریاگوزارییەکان.
سوپای وڵاتەکە (جەنتا)، لە شەش ناوچە باری لەناکاوی راگەیاندووە و داوای هاوکاری لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات.
زاو مین توون، گوتەبێژی جەنتا دەڵێت، "داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن بە زووترین کات یارمەتیی مرۆییمان پێشکێش بکات."
سای، دانیشتووێکی شاری نچیانگ مای میانمارە و دەڵێت، "لەکاتی بوومەلەرزەکە لە دووکانەکەم بووم و بەخێرایی لەگەڵ کڕیارەکان دووکانەکەمان جێهێشت، ئەمە بەهێزترین بوومەلەرزەیە لە ژیانم بینیبێتم."
جگە لە وڵاتانی میانمار، هەریەک لە وڵاتانی تایلاند، هیندستان، چین و بەنگلادیشیشی گرتووەتەوە.
لە وڵاتی تایلاند، چەند باڵەخانەیەک لە بانگۆکی پایتەختی وڵاتەکە رووخاون. بەرپرسانی وڵاتەکە دەڵێن تاوەکو ئێستا دیار نییە چەند کەس کەوتوونەت ژێر داروپەردووی باڵەخانەکان. ئەمە جگە لە تێکچوونی چەندین شەقامی سەرەکی.
بوومەلەرزەکەی بانگکۆنگ هێندە بەهێزە باڵەخانەیەک بەتەواوی تەختی زەوی دەکات#Bangkok pic.twitter.com/uf51hXzcWs
— Rudaw (@Rudawkurdish) March 28, 2025
دامەزراوەی نیشتمانیی بانکۆک بۆ خزمەتگوزاری تەندروستیی پێشتر رایگەیاندبوو، کەسێک گیانی لەدەستداوە، 50 کەس بریندار بووە و یەکێکیش بێسەروشوێنە.
پایتۆنگتارن شینوارتا، سەرۆکوەزیرانی تایلاند، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، سەردانی دوورگەی فوکێت دەکات و کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەبارەی زیانەکان دەکەن.
روودانی بوومەلەرزە لە میانمار
میانمار یەکێکە لەو وڵاتانەی بوومەرلەزەی زۆری تێدا روودەدەن. هەرچەندە لەسەر هێڵی بوومەلەرزە نییە، بەڵام تەنیا لەنێوان ساڵانی 1930 تاوەکو 1956، 6 بوومەلەرزە بەگوڕی 7 پلە یان زیاتر وڵاتەکەیان هەژاندووە.
دوایینیان لە ساڵی 2016 بوو کە بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 6.8 پلەی رێختەر ناوچەیەکی گەشتیاری لە پایتەختی وڵاتەکە هەژاند و سێ کەس گیانیان لەدەستدا.
بۆچی دەست گەیشتن بە زانیارییەکانی میانمار سەختە؟
سوپای میانمار لە ساڵی 2021 بە کودەتا دەسەڵاتی وڵاتەکەی گرتە دەست. میدیا، رادیۆ و هەموو رۆژنامەکان لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدان، تەنانەت ئینتەرنێتیش سنووردار کراوە. هەروەها بەهۆی بوومەلەرزەکە هێڵەکانی پەیوەندیی لە زۆر شوێندا پچڕاون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ