داواکاری گشتیی فەرەنسا داوا دەکات سارکۆزی 7 ساڵ زیندانی بکرێت

28-03-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

داواکاری گشتیی فەرەنسا داوا دەکات، سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە بە تۆمەتی وەرگرتنی پارە لە لیبیا بۆ هەڵبژاردنی ساڵی 2007، 7 ساڵ زیندانی بکرێت.  
 
سێباستیان دو لا توان، داواکاری گشتیی فەرەنسا داوا دەکات، نیکۆلاس سارکۆزی، سەۆکی پێشووی وڵاتەکە بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە مافی خۆبەربژێرکردن بێبەش بکرێت و 300 هەزار یۆرۆ پێبژاردن بدات. سارکۆزی سزاکانی سەرکۆنە کرد و بە "زیادەڕۆیی" وەسفی کرد.
 
دۆسیەکە دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی ساڵی 2005 کە سارکۆزی وەزیری ناوخۆ بووە و تۆمەتبار دەکرێت بەوەی بە مەبەستی دابینکردنی پارە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری فەرەنسا،"رێککەوتنێکی گەندەڵکارانە"ـی لەگەڵ موعەمەر قەزافی، سەرۆکی پێشووی لیبیا کردووە. 
 
سارکۆزی لەسەرەتاوە ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە.
 
سێباستیان دو لا توان، داواکاری گشتیی فەرەنسا رایگەیاندووە، لە دانیشتنەکانی دادگەدا کە 12 هەفتە بەردەوام بوون، "وێنەیەکی زۆر تاریکی بەشێک لە کۆمارەکەمان کەوتە پێش چاو".
 
دوو لا توان ئاماژەی بەوە کرد، سارکۆزی "هەوڵی چڕی داوە پارە بۆ تێرکردنی ئارەزووە سیاسییەکانی بەدەستبێنێت" و "تەنیا زیندانیکردن و پێبژاردن دەتوانێت کۆمەڵگە بپارێزێت." 
 
هاوکات دادوەری دۆسیەکە باسی لەوە کرد، نیکۆلاس سارکۆزی "ناڕەزایی دەربڕیوە بەرامبەر بە راستییەکان" و "پێناچێت لە گەورەیی پێشێلکردنی دەستپاکی تێبگات" کە پێی تۆمەتبارە.
 
ئەمە پێنجەمین دادگاییکردنی سارکۆزییە لە ماوەی پێنج ساڵدا.
 
سارکۆزی پاشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند کە "13 ساڵ لەمەوبەر بنەما سەرەکییەکانی یاسای تاوان پێشێلکراون"، گوتیشی، "تۆمەتی درۆ و تووندوتیژی و زیادەڕۆیکردن لە سزای پێویست، تەنیا بۆ شاردنەوەی لاوازیی تۆمەتەکانە."
 
داواکاری گشتی داوای کردووە، بەڕێوەبەری نووسینگەی سارکۆزی لەو کاتەدا کە ناوی کلۆد گویانتە، بۆ ماوەی شەش ساڵ زیندانی بکرێت و 100 هەزار یۆرۆ پێبژاردنی لێ وەربگیرێت. هەروەها داوای سێ ساڵ زیندانیکردن و پێبژاردنی 150 هەزار یۆرۆی بۆ بریس ئۆرتۆفۆ، وەزیری پێشوو کردووە، هەروەها داوای ساڵێک زیندانیکردن و پێبژاردنی سێ هەزار و 750 یۆرۆی بۆ هاوکارەکەی ئێریک وۆرس، ئەمینداری گەنجینەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی کردووە.
 
داواکارانی گشتی سارکۆزی بە "بڕیاردەری راستەقینە" و "سپۆنسەر"ـی رێککەوتنێکی گەندەڵی وەسفکردووە کە لەگەڵ سەرۆکی پێشووی لیبیا بۆ دابینکردنی پارەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییەکەی ساڵی 2007 کراوە.
 
داواکارانی گشتی پشتڕاستیان کردەوە کە هەموو ئەو تاوانانەی کە سارکۆزی لە 6ـی کانوونی دووەمەوە لەسەریان دادگایی کراوە، سەلمێنراون، داواشیان لە دادگا کردووە بە تۆمەتی گەندەڵی، گەندەڵی دارایی گشتی و پارەدارکردنی نایاسایی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و پێکهێنانی باندێکی تاوانکاری، سزای بدات.
 
سزای ئەم تاوانانە دەگاتە 10 ساڵ زیندانیکردن و پێبژاردنی 375 هەزار یۆرۆ و بێبەشکردنی سەرۆکی پێشووی تەمەن 70 ساڵ لە مافە مەدەنییەکانی.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە