رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئۆکراینا دەڵێت، تەرمی سەدان سەربازی وەرگرتووەتەوە، ئەوەش گەورەترین پرۆسەی وەرگرتنەوەی تەرمە لە زیاتر لە سێ ساڵی جەنگدا. هاوکات رووسیاش تەرمی 43 سەربازی وەرگرتەوە.
گۆڕینەوەی زیندانییان و رادەستکردنی تەرمی سەربازانی کوژراو، یەکێکە لەو بواری هاریکارییە کەمەی لەنێوان مۆسکۆ و کیێڤدا هەیە.
بەڕێوەبەرایەتیی هاوئاهەنگی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دیلەکانی جەنگ، کە دەزگایەکی حکومیی ئۆکراینایە، لە راگەیێندراوێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند، "تەرمی 909 پارێزەری وڵات بۆ ئۆکراینا گەڕێندرانەوە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "سوپاسگوزاری هاوکاریی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوورین." ئاماژە بەوەش کراوە، تەرمەکان لە ناوچەکانی دۆنێتسک، لوهانسک و زاپۆریژیا رادەست کراون، کە کرێملین بانگەشەی ئەوە دەکات بەشێکن لە خاکی رووسیا.
بەڕێوەبەرایەتیی هاوئاهەنگی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دیلەکانی جەنگ ئاماژەی بەوەش کردووە، هەندێک لە تەرمەکان لە "ساردخانەکانی رووسیا"وە گەڕێندراونەتەوە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی سەربازەکان لە ناوچەی کورسکی رووسیا کوژراون.
رادەستکردنەوەکەی رۆژی هەینی 28-03-2025ی سەربازانی سوپای ئۆکراینا گەورەترینە لەو کاتەوەی جەنگەکە دەستی پێکردووە.
میدیای رووسیاش لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی وڵاتەکەوە رایگەیاند، رووسیاش تەرمی 43 سەربازی وەرگرتووەتەوە.
رادەستکردنەوەکەی ئەمڕۆ حەوتەمین بوو. ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دەڵێت، زیاتر لە 46 هەزار سەربازی سوپای وڵاتەکەی لە جەنگەکەدا کوژراون و زیاتر لە 380 هەزار کەسیش بریندار بوون.
رووسیا زانیاری لەبارەی ژمارەی سەربازانی کوژراوی بڵاوناکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ