تۆڕێکی 19 کەسی بە تۆمەتی قاچاخچێتی بە کۆچبەران لە ئەورووپا دەستگیر کران

 
رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی ئەورووپی (یۆرۆپۆل) دەڵێت، لە رۆژانی رابردوودا ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتووی ئەنجامداوە و تۆڕێکی 19 کەسیی قاچاخچێتی بە کۆچبەران دەستگیر کردووە.
 
یۆرۆپۆل باس لەوە دەکات، ئەوە ئەنجامی لێکۆڵینەوە و ئامادەکاری و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی فراوانە کە لە مانگی 11ی ساڵی 2022ەوە دەستیپێکردبوو.
 
ئەو تۆڕە دەستگیرکراوە، تۆمەتبارە بە ناردنی کۆچبەرانی نایاسایی لە ئەڵمانیا، بەلجیکا، فەرەنسا و ئیسپانیاوە بۆ بەریتانیا؛ بەتایبەتیش کاریان ئەوە بووە کە کاتێک کۆچبەرانی سەرگەردان بۆ نموونە، گەیشتوونەتە ئیتاڵیا یان شوێنێکی دیکە و سەرگەردان و بێکەس بوون، لە وێستگەکانی شەمەندەفەر کەوتوونەتە داوی ئەو تۆڕەوە و بەڕێیان کردوون بۆ فەرەنسا.
 
دواتر لەلایەن تۆڕەکەشەوە لە فەرەنساوە نێردراون بۆ بەریتانیا. یۆرۆپۆل دەڵێت، تۆڕەکە بەلایەنی کەمەوە 1500 کۆچبەریان لە 500 کردەوەی قاچاخچێتیدا بەنێو ئەورووپادا گواستووەتەوە.