رووداو دیجیتاڵ
ئاهەنگی نەورۆز بە بەشداریی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری هەولێر، لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەڕێوەچوو.
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، هۆڵێکی شاهانەیە لە کۆشکی شارەوانیی گەورەی پاریس.
یەکەمجارە، شارەوانیی گەورەی پایتەختی فەرەنسا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆنەیەکی تایبەت بە نەورۆز ساز دەکەن.
ئەرنۆ نخاتشا، جێگری سەرۆکی شارەوانیی گەورەی پاریس دەڵێت: "بۆ ئان هیداڵگۆ، سەرۆکشارەوانی پاریس و بۆ منیش زۆر گرنگ بوو کە بۆ یەکەمجار ئاهەنگێکی تایبەت بە نەورۆز بگێڕێن. ئەمە یەکەمجارە کە لێرە ئاهەنگی نەورۆز دەگێڕین. گێڕانی ئاهەنگی نەورۆز لێرە گرنگە، چونکە پەیوەندیی نێوان هەولێر و پاریس زۆر بەهێزە. ئێمە لە رێکخراوی نێودەوڵەتیی ئەی ئای ئێم ئێف هاوبەشین. پاریس هاوئاهەنگییەکی بەهێز و پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ هەولێر هەیە، کۆمەڵگەی کوردی بۆ پاریس زۆر گرنگە، لەبەر ئەوەی کۆمەڵگەی کوردی بەشێکە لە پاریس و ئێمە زۆر پاڵپشتی لەم کۆمەڵگەیە دەکەین. هەر لەبەر ئەوەشە کە بۆ یەکەم جار ئاهەنگی نەورۆز لە پاریس رێکخرا."
هاوشانی سیناتۆر و پەرلەمانتارانی پارتە جیاجیاکان، گوتاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقیش پێشکێشکران.
وەدیع بتی، باڵیۆزی عێراق لە فەرەنسا دەڵێت: "سەرەتا رێگەم پێبدە لە رێگەی کامێراکەی ئێوەوە پیرۆزباییەکی گەرم لە خەڵکی خۆمان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکەم بە بۆنەی جەژنی نەورۆز. من هیوادارم هەمووان نەورۆزێکی خۆش بەسەر ببەن و ئارەزووی ساڵێکی نوێی کوردی پڕ لە خۆشی بۆ هەمووان دەکەم. ئەمە دەرفەتێکە بۆ پێشاندانی کولتووری وڵاتان، وەک من بینیم جگە لە گوتارەکان، میوزیک و فۆلکلۆری وڵات پێشاندرا. وەک رەوەندی دەرەوە ئەو بۆنەیە دەرفەتێکە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان."
پارێزگاری هەولێر، کە لە ساڵی 2019ـەوە رێککەوتنی دەستەخوشکیی لەگەڵ پاریس واژۆکردووە، لەگەڵ بەشداریکردنی لە جەژنی نەورۆز، ژمارەیەک پڕۆژەی هاوبەشیش ئاشکرا دەکات.
ئومێد خۆشناو دەڵێت: "سوپاسی سەرۆکایەتیی شارەوانیی پاریسمان کرد بۆ رێگەخۆشکردن بۆ ئەنجامدانی ئەم ئاهەنگە. هەروەها باسمان لە پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەی قەڵاتی هەولێر کرد کە لە پرۆسەی کۆتاییدایە. بەم نزیکانە، لەنێو قەڵاتی هەولێریش، سەرۆکایەتیی شارەوانیی پاریس خانووەک نۆژەن دەکاتەوە کە دەبێتە ماڵی پاریس لە هەولێر. هەروەها لێرەش لە پاریس شەقامێک و پارکێک بە ناوی پێشمەرگە دەکرێت کە هەموو پرۆسەکانی تەواو کردووە. لە ئاییندەیەکی نزیکدا رێوڕەسمێک بە ئامادەبوونی گەورە بەرپرسانی هەردوو وڵات، هەرێمی کوردستان و فەرەنسا شەقامەکە دەکرێتەوە."
بە ئاوازی کەمانچەی دڵشاد سەعید و ژەنینی پیانۆ، دەستەبژێری کورد و فەرەنسی، کۆتاییان بە ئاهەنگی نەورۆز هێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ