مارکۆ روبیۆ دەڵێت، ئەمریکا لە 'ناسەقامگیری'ـی تورکیا نیگەرانە

28-03-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نیگەرانی وڵاتەکەی لەبارەی پێشهاتەکانی ئەم دواییانەی تورکیا دەربڕی؛ دەشڵێت، ئەوان دەیانەوێت لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کار بکەن و لە سووریاش لەگەڵ تورکیا هاوئاهەنگی بکەن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 27ـی ئاداری 2025، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێش گەشتکردنی بەرەو وڵاتی سورینام لەبارەی پێشهاتەکانی ئەم دواییانەی تورکیا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی، "ئێمە چاودێری دۆخەکە دەکەین. نیگەرانی خۆمان دەربڕیوە. حەز ناکەین ئەم جۆرە ناسەقامگیریە لە حوکمڕانی هیچ وڵاتێک ببینین کە هاوپەیمانێکی نزیکە."
 
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان سەرۆکی هەردوو وڵات، روبیۆ گوتی، "سەرۆک ترەمپ لە ئیدارەی یەکەمیدا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئەردۆغاندا هەبوو. ئەوان [ئەردۆغان و ترەمپ] دەیانەوێت ئەو پەیوەندییە دەستپێبکەنەوە."
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی، "ئەو [تورکیا] هاوپەیمانێکی ناتۆیە. دەمانەوێت لە سووریا و شوێنەکانی دیکە هاوئاهەنگی لەگەڵ بکەین."
 
رۆژی سێشەممە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە واشنتن لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە. 
 
بەگوتەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، مارکۆ روبیۆ نیگەرانیی خۆی لەبارەی دەستگیرکردنی خۆپێشاندەرانی خۆپێشاندانەکەی ئەمدواییانەی تورکیای بە هاکان فیدان گەیاندووە.
 
چی روویدا لە تورکیا؟
 
رۆژی 19ـی ئەم مانگە ئەکرەم ئیمامئۆغلو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی شارەوانییەکە بە بڕیاری داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ و بە تۆمەتی گەندەڵیی دارایی و هاوکاریکردنی پەکەکە دەستگیرکران؛ رۆژی 23ـی مانگیش ئەکرەم ئیمامئۆغلو بە تۆمەتی گەندەڵی خرایە زیندانەوە.
 
ئەم بڕیارەی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ، ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی بەشێک لە هاووڵاتییانی چەند پارێزگەیەکی تورکیای لێکەوتەوە و چەند جارێکیش گرژی لەنێوان خەڵک و هێزەکانی ئاسایش دروست بووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە