جیهان
دیمەنێکی شەوی رووداوەکە؛ هێزە ئەمنییەکانی رووسیا لە بەردەم هۆڵی کۆنسێرتەکەی مۆسکۆ. وێنە: Reuters
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی لیژنەی لێکۆڵینەوەی رووسیا رایگەیاند، لێکۆڵینەوەیان لەبارەی هێرشەکەی مۆسکۆ کردووە و بۆیان دەرکەوتووە کە "ئۆکراینا پاڵپشتیی دارایی بۆ هێرشکارەکان دابینکردووە".
رۆژی پێنجشەممە، 28ی ئاداری 2024، سڤیتلانا پیترینکۆ، گوتەبێژی لیژنەی لێکۆڵینەوەی رووسیا گوتی، "بەهۆی لێکۆڵینەوە لەگەڵ تیرۆریستە دەستگیرکراوەکان، پشکنینی ئەو ئامێرانەی لێیان گیراون و لێکدانەوەی مامەڵە داراییەکان، بەڵگەی هەبوونی پەیوەندییان بە نەتەوەپەرستەکانی ئۆکراینا دەستکەوتووە."
گوتەبێژەکەی لیژنەی لێکۆڵینەوەی رووسیا ئاماژەی بەوەش کرد، "لێکۆڵینەوەکە ئەو زانیارییە پشتڕاست دەکاتەوە کە تاوانبارانی هێرشە تیرۆریستییەکە پارە و دراوێکی ئەلیکترۆنی زۆریان لە ئۆکراینا وەرگرتووە."
ئەو گوتانەی گوتەبێژی لیژنەی لێکۆڵینەوەی رووسیا وەڵامی ئەمریکای بەدوای خۆیدا هێنا و جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا گوتەکانی بە "پڕوپاگەندەی بێمانا" وەسفکرد.
شەوی هەینی رابردوو، چوار چەکدار خۆیان کرد بە هۆڵێکی کۆنسێرتدا لە باکووری مۆسکۆی پایتەختی رووسیا و کوژرانی زیاتر لە 137 کەس و برینداربوونی نزیکەی 100ی دیکەی لێکەوتەوە. هێرشکارەکان و حەوت کەسی دیکەش بە تۆمەتی بەشداریکردن لە هێرشەکە دەستگیرکراون.
سەرەتا گومانەکان خرانە سەر ئۆکراینا، بەڵام دواتر رێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەکە راگەیاند. چەند جارێکیش بەرپرسانی کیێڤ رەتیان کردووەتەوە کە پەیوەندییان بە هێرشەکەوە هەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ