پیاوێکی هیندی دوای 238 جار شکستهێنان، جارێکی دیکە خۆی بەربژێر دەکاتەوە

29-03-2024
تەنیا ئەحمەد
چیرۆکی پادمەرەجان
چیرۆکی پادمەرەجان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەو مەدالیایەی لە ملی پادمەرەجان دایە، مەدالیای سەرکەوتن نییە، بەڵکو بەبۆنەی شکستە یەک لەدوای یەکەکانی پێی بەخشراوە.
 
ئەو 238 جار خۆی بۆ هەڵبژاردنە جیاوازەکانی هیندستان بەربژێر کردووە و لە هەموویان شکستی هێناوە، بەڵام هێشتا کۆڵی نەداوە، ئەمجارەیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان خۆی بەربژێر کردووە.
 
پادمەرەجان بۆ یەکەمجار لە 1988 خۆی بەربژێر کردووە و ناوی لەخۆ ناوە "دکتۆر شێر پادمەرەجان" بەربژێرێکی سەربەخۆیە و سەر بە هیچ حیزبێک نییە
 
پادمەرەجان دەڵێت، "کاتێک سەرەتا خۆم بەربژێر کرد، خەڵک گاڵتەیان پێدەکردم و دەیانگوت شیاوی خۆ بەربژێرکردن نیم و تەنیا خەڵکی پێگە بەرز و دەوڵەمەند دەتوانن بچنە کێبڕکێوە، بەڵام من هەموو ئەوانم بە هەڵە خستەوە و بۆیانم سەلماند کە کەسانی ئاسایی دەتوانن لە هەڵبژاردن پێشبڕکێ بکەن و سەرکەوتن بەدەستبهێنن."
 
پادمەرەجان بە "گەورەترین دۆڕاوی هەڵبژاردن لە جیهاندا" دادەنرێت و خۆیشی شانازی بەو نازناوەوە دەکات.
 
کتێبی ریکۆردەکانی هیندستان کە سەر بە حکومەتە، بڕوانامە و مەدالیای "زۆرترین بەربژێربوونی شکستخواردوو"ـی پێبەخشیوە، بەڵام هێشتا واز ناهێنێت.
 
پادمەرەجان توانی دووبارە لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هیندستان ناوی خۆی تۆماربکات و بۆ ئەو یارییەکە کۆتایی نەهاتووە.
ئەو شانازی بەوەش دەکات لە هەڵبژاردنی چەندین سەرۆک، جێگری سەرۆک و سەرۆکوەزیران خۆی بەربژێر کردووە.
 
ئەو بەربژێرە دووکانی پەنچەرچێتیی تایەی پاسکیلی هەیە، دانیشتووی شارۆچکەی مێتورە لە هەرێمی تامیل نادو و لەسەر تابلۆی پێش دوکانەکەشی نووسیویەتی: "پاشای هەموو هەڵبژاردنەکانی هیندستان."
 
پادمەرەجان باسی دەستکەوتەکانی دەکات و دەڵێت، "لە هەڵبژاردنی 2011ـدا شەش هەزار و 273 دەنگم هێنا. هەرگیز هەست بەدڵەڕاوکێ ناکەم لەوەی دەیبەمەوە یان نا، چونکە دڵنیام کە نایبەمەوە. ئەگەر بیبەمەوە جەڵتەی دڵ لێمدەدات."
 
بڕیارە 19ـی نیسانی ئەم ساڵ گەورەترین هەڵبژاردنی جیهان لە هیندستان بەڕێوەبچێت کە شەش هەفتە دەخایێنێت، کێبڕكێ لەسەر 543 کورسیی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکرێت و 960 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
 
پرۆسەی دەنگدان 30 رۆژ دەخایێنێت و جیاکردنەوەی دەنگەکانیش 14 رۆژ.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە