سوێد لە رێگەی کارگەیەکەوە ساڵانە 200 هەزار تۆن پلاستیک بەکاردەهێنێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە سوێد کارگەیەک کراوەتەوە بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی نایلۆن و پلاستیک، بەڵام لە جیهاندا بۆ ئەوە تەنیا 9٪ـی پاشماوەی پلاستیک بەکار دەبرێت.
ساڵانە مرۆڤ 400 ملیۆن تۆن پلاستیک فڕێدەدات. سوێد بە کردنەوەی ئەو کارگەیە، دەیەوێت بە بەردێک دوو نیشانە بپێکێت، سوود وەرگرتن لە پاشماوەی پلاستیک و رێگریکردن لە پیسبوونی ژینگە.
ماتیاس فیلیپسن، بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای بەکارهێنانەوەی پلاستیکی سوێد دەڵێت، "لە نێوەڕاستی دامەزراوەیەکی ناوازەداین. ئەوەی ئەمە جیادەکاتەوە توانای کارگەکەیە بۆ جیاکردنەوەی 12 جۆری جیاوازی پلاستیک. رووبەرەکەشی ناوازەیە کە ساڵانە توانای بەکارهێنانەوەی 200 هەزار تۆن پلاستیکی هەیە."
کارگەکە بە گەورەترین و پێشکەوتووترین کارگەی هاوشێوە دادەندرێت کە چەندین تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی تێدا بەکارهێندراوە.
ماتیاس ئاماژە بەوە دەکات، "تیشکی ژێرسوور، لەیزەر و کامێرای بەستراوە بە ژیریی دەستکرد بەکاردەهێنین. ئەو سیستمانە بەیەکەوە بەستراونەتەوە و بە دیجیتاڵی کراون کە ئەمە وا لە کارگەکە دەکات ناوازە و تەواو چالاک بێت."
بە گوێرەی ئاژانسی ژینگەی سوێد، ساڵانە وڵاتەکە 660 هەزار تۆن پاشماوەی پلاستیکی هەیە. لەو بڕە تەنیا 20٪ بۆ 30٪ی بەکاردەهێندرێتەوە، بەشێکی پاشماوەی پلاستیک ژێرخاک دەکرێت و ئەوەی دیکەشی فڕێدەدرێتە نێو زەریا و زبڵدانەکانەوە.
هێنری بۆورگیۆس کۆستا، پسپۆڕی پاشماوەی پلاستیکی لە رێکخراوی تارا دەڵێت، "چارەسەرکردنی کێشەی پلاستیک بە جیاکردنەوەی جۆرەکانی و بەکارهێنانەوەیان یان بەبازاڕکردنیان نابێت، بەڵکو بە جێگرتنەوە و لابردنیان دەبێت. بەکارهێنانەوە ئامرازێکی ناوازەیە ئەگەر ببێتە رێگەیەکی جیهانی بۆ کەمکردنەوەی پلاستیک."
بە گوێرەی ماڵپەڕی ئێرسی ئەمریکی، بەهۆی پاشماوەی پلاستیکییەوە لە 30 چرکەدا کەسێک لە وڵاتانی پێشکەوتوو گیان لەدەستدەدات و ماڵپەڕی کۆندۆری بەریتانیش دەڵێت، ساڵانە 100 ملیۆن گیانداری ئاوی دەکوژێت.