دەستەی چاودێریی مێتا داوا دەکات کۆمپانیاکە قەدەخە لەسەر وشەی "شەهید" لاببات

رووداو دیجیتاڵ

دوای ساڵێک لە لێکۆڵینەوە و پێداچوونەوە، لیژنەی چاودێریی کۆمپانیای مێتا داوا دەکات چیدیکە وشەی "شەهید" لە پلاتفۆڕمەکانی کۆمپانیاکە قەدەخە نەکرێت، چونکە "بە چەندین مانای جیاواز دێت" و، "قسەی ملیۆنان خەڵکی سەرکووت کردووە."
 
رۆژی چوارشەممە، 27-03-2024، لیژنەی چاودێریی کۆمپانیای مێتا کە سەربەخۆیانە کاردەکات و لەلایەن مێتاوە پاڵپشتیی دەکرێت، داوای لە کۆمپانیاکە کرد قەدەخەی سەر وشەی "شەهید" هەڵبگرێت و تەنیا لەوکاتانە قەدەخەی بکات، کە ئەگەر بڵاوکراوەیەک یاسای کۆمپانیاکە بشکێنێت، یان پەیوەندیی بەو رێکخراو و کەسانەوە هەبێت کە بە "مەترسی" پۆڵێنکراون.
 
کۆمپانیای مێتا کە پێشتر ناوی فەیسبووک بوو، لە 2021ـەوە دامەزراوە و هەریەک لە ئاپەکانی فەیسبووک، ئینستاگرام، مێسنجەر، سرێدس و واتسئاپ لەخۆدەگرێت و مارک زوکەربێرگ سەرۆکیەتی.
 
قەدەخەی وشەی "شەهید" بەتایبەت لەدوای جەنگی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل بووەتە باسوخواسی گرووپەکانی مافی مرۆڤ. ئەو گرووپانە رەخنەیان لە مێتا گرت بەوەی "کۆمپانیاکە ئەو ناوەڕۆک و بڵاوکراوانە فلتەر دەکات کە پشتگیریی لە فەلەستینییەکان دەکات لەکاتێکدا دەیان هەزار کەسیان بەهۆی جەنگەوە لێ کوژراوە."
 
راپۆرتی ئەو لیژنەیەی مێتا هەروەها دەڵێت وشەی "شەهید" بە چەندین مانا دێت و زۆر جار نابێتە هۆی تووندوتیژی.
 
هێڵ سۆرنینگ شمیت، هاوسەرۆکی لیژنەی چاودێریی مێتا گوتی، "کۆمپانیای مێتا بەو گریمانەیە کاردەکات کە سیاسەتی قەدەخەکردن دەبێتە هۆی باشترکردنی پارێزراوی و ئاسایش لەسەر ئاپەکانی، بەڵام بەڵگەکان ئەوە پیشان دەدەن؛ سانسۆرکردن دەکرێت تەواوی دانیشتووان پەراوێز بخات لەکاتێکدا سەلامەتی بە هیچ شێوەیەک باشتر ناکات."
 
ئێستا لەسەر هەر پلاتفۆرمێکی مێتا هەر بڵاوکراوەیەک وشەی "شەهید"ـی تێدا بەکاربێت بڵاوکراوەکە رەتدەکرێتەوە و پۆست نابێت. کۆمپانیای مێتا دەڵێت، "ئەو وشەیە بۆ ستایشکردنی ئەو رێکخراو و کەسانە بەکاردێت، کە خراونەتە لیستی مەترسییەوە."
 
یەک لەو رێکخراوانەی ناوی لەو لیستەدا هەیە؛ بزووتنەوەی حەماسە کە لە 2007ـەوە کەرتی غەززە بەڕێوەدەبات و ئێستا لە جەنگدایە لەگەڵ ئیسرائیل.
 
گوتەبێژێکی کۆمپانیای مێتا رایگەیاندووە؛ کۆمپانیاکە بە راپۆرتی لیژنەکەدا دەچێتەوە و لەماوەی 60 رۆژدا وەڵامیان دەداتەوە.