سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا داوایەک ئاراستەی کورد و تورکی نیشتەجێی وڵاتەکەی دەکات


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا داوا دەکات گرووپە کوردی و تورکییەکانی وڵاتەکە بوەستن لە هەڵکوتان و هێرشکردنە سەر یەک و ئارامیی وڵاتەکە بپارێزن.

رۆژی چوارشەممە، 27-03-2024، ئەلیکساندەر دی کروو، سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا رایگەیاند: "داوا لە هەموو لایەک دەکەین ئارام ببنەوە، یەکدی تووڕەکردن رابگرن و هەوڵبدەن بەیەکەوە بژین هەروەک دەیان ساڵ بەیەکەوە ژیاوین."
 
سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا گوتی، "خۆپێشاندان بۆ پشتگیریکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان [پەکەکە] رابگرن، چونکە ئەوان بە رێکخراوێکی تیرۆریستی پۆڵێن کراون."
 
چەند جارێکە زنجیرەیەک پێکدادان، شەڕ، هەڵکوتان و هێرشکردنە سەر یەکدی لە نێوان تورک و کوردەکانی رۆژهەڵاتی بەلجیکا روویانداوە.
 
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا سەرکۆنەی رووداوەکانی کرد و گوتی، "رۆژی یەکشەممە، چەند چەکدارێکی لە یاسا دەرچووی پەکەکە لە شاری لێڤن لە پارێزگەی لیمبێرگ هێرشیان کردووەتە سەر چەند هاووڵاتییەکی تورک."
 
پارتی کرێکارانی کوردستان لەلایەن تورکیا، ئەندامانی یەکێتیی ئەوروپا، ئەمریکا، کەنەدا و ئوستراڵیا بە "رێکخراوێکی تیرۆریستی" پۆڵێنکراوە.
 
ئەنجوومەنی ناڤبێل لە بەلجیکا کە نوێنەرایەتیی گرووپە کوردییەکانی ئەو وڵاتە دەکات دەڵێت، "خێزانێکی رۆژئاوای کوردستان لەلایەن گورگە بۆرەکانی تورکیاوە بە تووندی هێرشیانکراوەتە سەر."
 
لە رووداوێکی دیکەدا، لە رۆژی دووشەممە، 25-03-2024، هێرش کرایە سەر چەند هاووڵاتییەکی تورک لە کافتریایەکی شاری ڤیزە لە نزیک شاری لەیج لە هەرێمی واڵۆنیای بەلجیکا، تێیدا چەند کەسێک بریندار بوون.
 
نووسینگەی داواکاری گشتیی لیمبێرگ و لەیج رایانگەیاند، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکان دەستی پێکردووە.
 
رۆژی دووشەممە، نزیکەی 200 خۆپێشاندەر بە بەرزکردنەوەی وێنەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان چوونە بەردەم بارەگای پەرلەمانی ئەوروپا لە برۆکسلی پایتەخت. لە خۆپێشاندانەکە گرژیی لەنێوان خۆپێشاندەران و پۆلیس کەوتەوە و هێزە ئەمنییەکان بڵاوەیان پێکردن.
 
رۆژێک بەر لەمە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ حەجە لەهبیب، هاوتا بەلجیکییەکەی بە تەلەفۆن قسەیان کرد.
 
لەلایەکی دیکەوە، رۆژی سێشەممە، 26-03-2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە رێگەی ڤیدیۆوە قسەی لەگەڵ یەکێک لە بریندارەکانی بەلجیکا کرد کە کوڕێکی تورکە و تەمەنی 16 ساڵە. 
 
سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا گوتی، "بەلجیکا لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ئەمە دەکات، چونکە چەند رۆژێکی گرنگ لە پێشەوەن"، مەبەستی دی کروو لە رۆژی گرنگ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا بوون، کە بڕیارە لە 31-03-2024 دەکرێن.
 
بەگوێرەی پەیمانگەی کورد لە پاریس KIP نزیکەی 70 هەزار کورد لە بەلجیکا دەژین کە زۆربەیان لە برۆکسڵی پایتەختن؛ هەروەها نزیکەی 500 هەزار هاووڵاتیی تورکیا لەو وڵاتە نیشتەجێن.