حکومەتی تاڵیبان گەشتی ئاسمانی بۆ ئافرەت 'بەتەنیا' قەدەخە دەکات

28-03-2022
A+ A-

رووداو

حکومەتی تاڵیبان فەرمانی بە گشت ‌هێڵە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە کرد رێگە بە هیچ ژنێک نەدەن بە تەنیا گەشت بکات، ئەگەر کەسێکی رەگەزی نێری خێزانەکەی لەگەڵدا نەبێت. ئەم بڕیارە هەموو گەشتە ئاسمانییەکان بۆ ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکە دەگرێتەوە.
 
لە سەرەتای گەڕانەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە ئەفغانستان، لە مانگی ئابی 2021، چەندین فەرمانی قەدەخەکردن لەسەر ئازادییەکانی ئافرەت لەو وڵاتە دەرچوون. ئەم بڕیارە نوێیەی حکومەتی تاڵیبان بۆ رێگریکردن لە ئافرەتان لە گەشتە نێودەوڵەتییەکان دوای ئەوە دێت کە پێشتر هاتووچۆکردنی ژن بە تەنیا لە ناوخۆی وڵاتەکە قەدەخە کرابوو، هەروەها لە 23ی ئاداری 2022 خوێندنی کچان لە قۆناخەکانی ناوەندی و دواناوەندی قەدەخە کرا.
 
بڕیارەکە لە دوای کۆبوونەوەی نوێنەرانی حکومەتی تاڵیبان و بەرپرسی دوو هێڵی ئاسمانیی ئەو وڵاتە دەرچوو. هێڵی ئاسمانیی ئاریانا ئەفغان و کام ئایر هەواڵەکەیان بۆ میدیا پشتڕاستکردەوە.
 
لە نووسراوێکدا بەرپرسی یەکێک لەو دوو هێڵە ئاسمانییە فەرمان بە کارمەندەکانی دەکات، "هیچ ژنێک بۆی نییە بە تەنیا گەشتی ناوخۆیی یاخود نێودەوڵەتی بکات، ئەگەر کەسێکی رەگەزی نێری خێزانەکەی لەگەڵدا نەبێت".
 
حوکمەتی ئێستای تاڵیبان بەڵێنی حکومڕانییەکی میانڕەوی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوە جیاواز لەو شێوازە بەڕێوەبردنەی کە لە 1996 بۆ 2001 پەیڕەوی دەکرد، لە پێناو داننان بە رەوایەتی دەسەڵاتەکەیدا لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، بەڵام لە دوای گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات لە مانگی ئابی 2021، لە زۆربەی دام و دەزگاکاندا فەرمانبەرە ئافرەتەکانی لەسەر کارەکانیان دوورخستووەتەوە و فەرمانی باڵاپۆشی سەرتاسەری بۆ ئافەرتان داوە.
 
رۆژی 24-3-2022، دوای بڕیارەکەی پێشووی تاڵیبان لەسەر قەدەخەکردنی خوێندنی کچان، وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا، کەنەدا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، نەرویج، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەوروپا راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، بڕیارەکەی تاڵیبان کاریگەریی دەبێت لەسەر داننانی نێودەوڵەتی بە رەوایەتیی دەسەڵاتی ئەو بزووتنەوەیەدا لە ئەفغانستان.
 
هاوکات رۆژی هەینی 25-3-2022 جالینا پۆرتەر، جێگری گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەمریکا پلانی کۆبوونەوەکەی دەوحەی لەگەڵ بزووتنەوەکە هەڵوەشاندووەتەوە بەهۆی داخستنی قوتابخانەی کچان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ دوای برینداربوونی. وێنە: Brendan SMIALOWSKI / AFP

هەواڵگریی ئەمریکا: پێش ئەوەی تەقەی لێبکرێت، ئێران پلانی هەبووە ترەمپ بکوژێت

پێش هێرشەکەی سەرەتای ئەم هەفتەیە بۆ سەر دۆناڵد ترەمپ و بریندارکردنی، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا زانیارییان هەبووە ئێران سەرقاڵی هەوڵێکە بۆ کوشتنی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، بەڵام ئەو پیلانانەی ئێران پەیوەندییان بە هێرشەکەی رۆژی شەممەوە نەبووە.