دوای هاوارکردنیان بەسەر یەکدیدا، زیلینسکی بۆ ترەمپ: سوپاس بۆ پاڵپشتیتان

28-02-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و هاوارکردنیان بەسەر یەکدیدا؛ سەرۆکی ئۆکراینا سوپاسی ئەمریکا دەکات بۆ پاڵپشتیکردنی و بۆ ئەو سەردانەی بۆ واشنتن بۆی رێکخرا.
 
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "سوپاس ئەمریکا، سوپاس بۆ پاڵپشتیتان، سوپاس بۆ رێکخستنی ئەم سەردانە."
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، "سوپاس سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کۆنگرێس و گەلی ئەمریکا. ئۆکراینا پێویستی بە دادپەروەری و ئاشتییە، ئێمە رێک کار بۆ ئەوە دەکەین."
 
چی روویدا؟
 
رۆژی هەینی 28-02-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبەردەم رۆژنامەڤانان لە سەرۆکی ئۆکراینا تووڕە بوو و هۆشداریی پێدا، یان دەبێت ئۆکراینا لەگەڵ وڵاتەکەی رێکبکەوێت، یان واشنتن کۆتایی بە پاڵپشتییەکانی بۆ ئەو وڵاتە دەهێنێت. کاتێکیش زیلینسکی گوتی، "دەتوانم وەڵام بدەمەوە؟" ترەمپ پێی گوت، "نەخێر ناتوانیت، تۆ زۆر قسەت کرد!"
 
ترەمپ بە زیلینسکیی گوت، "تۆ قومار بە ژیانی ملیۆنان کەسەوە دەکەیت. تۆ قومار بە جەنگی جیهانیی سێیەمەوە دەکەیت، ئەوەی تۆ دەیکەیت بێڕێزییەکی زۆرە بەم وڵاتە."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بۆ زیلینسکی، ترەمپ گەلی ئۆکراینا بە "زۆر ئازا" ناودەبات، بەڵام بە هاوتا ئۆکراینییەکەی دەڵێت، "تۆ دەبێت یان رێککەوتنێک بکەیت، یان ئێمە لەم بابەتە دەچینە دەرەوە، ئەگەر ئێمەش بچینە دەرەوە، خۆتان دەبێت ئەو شەڕە بکەن."
 
زیلینسکی بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێک لەسەر کانزاکانی ئۆکراینا و تاوتوێکردنی رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ رووسیا لە کۆشکی سپی بوو، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کە پێشتر سەرۆکی ئەمریکا بە "دیکتاتۆر" ناوی بردبوو. بەپێی کۆشکی سپی، رێککەوتنەکەش واژۆ نەکراوە.
 
کۆبوونەوەکە دوای هەفتەیەک لە لاوازبوونی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان هات کە بەهۆیەوە سەرکردەکانی فەرەنسا و بەریتانیاش چوونە کۆشکی سپی، بۆئەوەی داوا لە ترەمپ بکەن کە کیێڤ پشتگوێ نەخات.
 
ئاڵۆزی و دەنگ بەرزکردنەوەی سەرۆکی دوو وڵاتەکە دوای چەند قسەیەکی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا هات کە گوتی، "دیپلۆماسیەت" بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە پێویست بوو. زیلینسکی لێی پرسی، "چی جۆرە دیپلۆماسییەتێک؟" لە وەڵامدا ڤانس بەوە تۆمەتباری کرد کە لە نووسینگەی سەرۆکی ئەمریکادا "بێڕێزیی" کردووە.
 
دواتر ترەمپ بە هاوتا ئۆکراینییەکەی گوت، "تۆ بە هیچ شێوەیەک وا رەفتار ناکەیت کە سوپاسگوزاری ئێمە بیت." گوتیشی، "بزنس بەم شێوەیە زۆر سەخت و قورس دەبێت."
 
دواتر سەرۆکی ئۆکراینا لایەنی بەرامبەری بەوە تۆمەتبار کرد کە دەنگیان بەرز کردووەتەوە بەسەریدا و "بە دەنگی بەرز قسەیان کردووە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لەبارەی چالاکییە ئابوورییەکانی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان بۆ رووداو: بەرهەمدارن

ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، ستایشی پڕۆژەکانی وڵاتەکەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و بە "بەرهەمدار" ناوی بردن. زاخارۆڤا لەبارەی رۆژئاوای کوردستانیشەوە دەڵێ، دەبێت ئەو ناوچەیە بگەڕێتەوە بۆ چوارچێوەی یاسایی سووریا و مامەڵەی بازرگانیش تەنیا لە رێگەی حکومەتی دیمەشقەوە دەکرێ