ڤیدیۆ؛ ترەمپ لەبەردەم رۆژنامەڤانان لە زیلینسکی تووڕە دەبێت و هۆشداریی پێدەدات

28-02-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا لەبەردەم رۆژنامەڤانان لە سەرۆکی ئۆکراینا تووڕە بوو و هۆشداریی پێ دا، "یان دەبێت لەگەڵ رووسیا رێکبکەویت، یان ئێمە لەم بابەتە دەچینە دەرەوە." هەردوو سەرۆکەکەش بەشێوەیەکی نائاسایی هاواریان بەسەر یەکدیدا کرد.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، یان دەبێت ئۆکراینا لەگەڵ وڵاتەکەی رێکبکەوێت، یان واشنتن کۆتایی بە پاڵپشتییەکانی بۆ ئۆکراینا دەهێنێت. کاتێکیش زیلینسکی گوتی، "دەتوانم وەڵام بدەمەوە؟" ترەمپ پێی گوت، "نەخێر ناتوانیت، تۆ زۆر قسەت کرد!"
 
ترەمپ بە زیلینسکیی گوت، "تۆ قومار بە ژیانی ملیۆنان کەسەوە دەکەیت. تۆ قومار بە جەنگی جیهانیی سێیەمەوە دەکەیت، ئەوەی تۆ دەیکەیت بێڕێزییەکی زۆرە بەم وڵاتە."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بۆ زیلینسکی، ترەمپ گەلی ئۆکراینا بە "زۆر ئازا" ناودەبات، بەڵام بە هاوتا ئۆکراینییەکەی دەڵێت، "تۆ دەبێت یان رێککەوتنێک بکەیت، یان ئێمە لەم بابەتە دەچینە دەرەوە، ئەگەر ئێمەش بچینە دەرەوە، خۆتان دەبێت ئەو شەڕە بکەن."
 
 
زیلینسکی بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێک لەسەر کانزاکانی ئۆکراینا و تاوتوێکردنی رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ رووسیا لە کۆشکی سپی بوو، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کە پێشتر سەرۆکی ئەمریکا بە "دیکتاتۆر" ناوی بردبوو. بەپێی کۆشکی سپی، رێککەوتنەکەش واژۆ نەکراوە.
 
کۆبوونەوەکە دوای هەفتەیەک لە لاوازبوونی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان هات کە بەهۆیەوە سەرکردەکانی فەرەنسا و بەریتانیاش چوونە کۆشکی سپی، بۆئەوەی داوا لە ترەمپ بکەن کە کیێڤ پشتگوێ نەخات.
 
ئاڵۆزی و دەنگ بەرزکردنەوەی سەرۆکی دوو وڵاتەکە دوای چەند قسەیەکی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا هات کە گوتی، "دیپلۆماسیەت" بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە پێویست بوو. زیلینسکی لێی پرسی، "چی جۆرە دیپلۆماسییەتێک؟" لە وەڵامدا ڤانس بەوە تۆمەتباری کرد کە لە نووسینگەی سەرۆکی ئەمریکادا "بێڕێزیی" کردووە.
 
دواتر ترەمپ بە هاوتا ئۆکراینییەکەی گوت، "تۆ بە هیچ شێوەیەک وا رەفتار ناکەیت کە سوپاسگوزاری ئێمە بیت." گوتیشی، "بزنس بەم شێوەیە زۆر سەخت و قورس دەبێت."
 
دواتر سەرۆکی ئۆکراینا لایەنی بەرامبەری بەوە تۆمەتبار کرد کە دەنگیان بەرز کردووەتەوە بەسەریدا و "بە دەنگی بەرز قسەیان کردووە."
 
 
دەقی گفتوگۆ تووندەکەی نێوان ترەمپ و زیلینکسی:
 
زیلینیسکی: تکایە، وا دەزانی ئەگەر بە دەنگی بەرز لەسەر جەنگ قسە بکەی... 
 
ترەمپ: ئەو بە دەنگی بەرز قسە ناکات، بە دەنگی بەرز قسە ناکات. وڵاتەکەت لە کێشەیەکی گەورەدایە
 
زیلینسکی: دەتوانم وەڵام بدەمەوە؟ دەتوانم وەڵام بدەمەوە؟
 
ترەمپ: نا، نا. زۆر قسەت کرد. وڵاتەکەت لە کێشەی گەورەدایە. 
 
زیلینسکی: دەزانم. دەزانم. 
 
ترەمپ: [جەنگەکە] نابەیتەوە، لەمەدا براوە نیت. 
 
زیلینسکی: من.. 
 
ترەمپ: ئێوە دەرفەتێکی زۆر باشتان هەیە بۆ ئەوەی بە باشی لەمە دەربازتان بێت، بەهۆی ئێمەوە. 
 
زیلینسکی: بەڕێز سەرۆک، ئێمە لە وڵاتەکەمان دەمێنینەوە. بە بەهێزی ماوینەتەوە. لە سەرەتای جەنگەوە بە تەنیا بووین. ئێمە سوپاسگوزارین. گوتم سوپاس بۆ ئەم ئیدارەیە... 
 
ترەمپ: ئێوە تەنیا نەبوون. 
 
زیلینسکی: لەم ئیدارەیەدا بە تەنیا نەبووین. 
 
ترەمپ: ئێمە لە رێگەی سەرۆکە گەمژەکەمانەوە 350 ملیار دۆلارمان بە ئێوە دا. ئێمە کەرەستەی سەربازیمان بە ئێوە دا. 
 
زیلینسکی: ئێوە دەتانویست لەبەر سەرۆکەکەتان.. ئێوە دەتانویست لەبەر سەرۆکەکەتان.. 
 
ترەمپ: پیاوەکانتان ئازان، بەڵام پێویستیان بەوە بوو چەکەکانی ئێمە بەکاربێنن
 
زیلینسکی: چییە ئەگەر ئێمەش قسە بکەین؟ تۆ منت بانگهێشت کرد بۆ ئەوەی.... تۆ منت بانگهێشتکرد بۆ ئەوەی.. 
 
ترەمپ: ئەگەر ئێوە چەکی ئێمەتان بەدەستەوە نەبوایە، ئەم جەنگە بە دوو هەفتە کۆتایی دەهات.
 
زیلینسکی: سێ رۆژ.. لە پووتین گوێم لێبوو دەیگوت بە سێ رۆژ
 
ترەمپ: رەنگە کەمتریش
 
زیلینسکی: دوو هەفتە.. بێگومان با وابێت. 
 
ترەمپ: زۆر زەحمەت دەبێت بەم شێوەیە کار بکەین، ئەوە پێم گوتی
 
ڤانس: لەبری ئەوەی بڵێی سوپاس... 
 
زیلینسکی: زۆر جار گوتوومە سوپاس بۆ خەڵکی ئەمریکا
 
ڤانس: دانی پێدا بنێ کە ناکۆکی هەیە و با بڕۆین ئەو ناکۆکیانە چارەسەر بکەین لەبری ئەوەی هەوڵدەین لە بەردەم میدیای ئەمریکا شەڕی لەسەر بکەین لە کاتێکدا تۆ هەڵەیت. ئێمە دەزانین کە تۆ هەڵەیت. 
 
ترەمپ: بەڵام بزانە پێم وایە باشە بۆ خەڵکی ئەمریکا بزانن کە لێرە چی رووەدەدات. پێم وایە زۆر گرنگە. بۆیە لێگەڕام ئەمە تا ئێرە بەردەوام بێت. پێویستە سوپاسگوزار بیت. تۆ هیچ کارتێکت نییە. 
 
زیلنسکی: سوپاسگوزارم...
 
ترەمپ: ئێوە لەوێ دەنێژرێن. خەڵکەکەت وا دەمرن. 
 
زیلینسکی: دەتوانم بڵێم...
 
ترەمپ: خەریکە سەربازت نامێنێت. تۆ گوێ بگرە!
 
زیلینسکی: تکایە... تکایە بەڕێز سەرۆک 
 
ترەمپ: خەریکە سەربازت نامێنێت. بەڵام دێیت و پێمان دەڵێیت "ئاگربەستم ناوێت، ئاگربەستم ناوێت، دەمەوێت بەردەوام بم و ئەوەم دەوێت"... تۆ سەیرکە، ئەگەر ئێستا بتوانی ئاگربەست بەدەستبێنیت، یەکسەر قبووڵی بکە بۆ ئەوەی چیدیکە گوللــە بە ئاسمانتانەوە نەڕوات و خەڵکەکەت چیدیکە نەکوژرێن. 
 
زیلینسکی: بێگومان دەمەوێت جەنگ بوەستێت بەڵام...
 
ترەمپ: بەڵام تۆ دەڵێیت ئاگربەستت ناوێ
 
زیلنسکی: بەڵام پێم گوتی کە دەبێت گەرەتنی لەگەڵ بێت 
 
ترەمپ: چونکە دەتەوێت ئاگربەست خێراتر لە رێککەوتن بەدەستبێنیت. 
 
زیلنسکی: پرسیاری ئاگربەست لە خەڵکەکەمان بکە بزانە چۆن بیردەکەنەوە. بۆ تۆ گرنگ نییە ئۆکراینییەکان چییان دەوێت. 
 
ترەمپ: ئەمە لە سەردەمی من رووینەدا. لە سەردەمی کەسێک بوو ناوی بایدنە کە کەسێکی زیرەک نییە. 
 
زیلیسنکی: بەڵام سەرۆکی ئێوە بوو. سەرۆکی ئێوە بوو. 
 
ترەمپ: بێزەحمەت.. ئەوە سەردەمی ئۆباما بوو کە بەتانیای بە ئێوە دەدا، بەڵام من مووشەکی جاڤڵنم بە ئێوەدا. 
 
زیلینسکی: بەڵێ.. 
 
ترەمپ: من جاڤڵنم بە ئێوە دا بۆ ئەوەی هەموو ئەو تانکانە لەنێوببەن. ئۆباما بەتانیای پێدان. راستییەکەی قسەکە ئەمەیە: ئۆباما بەتانیای پێدان و ترەمپ جاڤڵینی پێدان. پێویستە زیاتر سوپاسگوزار بیت. چونکە با پێت بڵێم، تۆ هیچ کارتێکت نییە. لەگەڵ ئێمە، کارتت هەیە، بەڵام بێ ئێمە، هیچ کارتێکت نییە. 
 
ترەمپ: ئەم رێککەوتنە تاوەکو دەکرێت، زەحمەت دەبێت، چونکە دەبێت هەڵوێستەکان بگۆڕدرێن. 
 
رۆژنامەڤان: ئەی ئەگەر رووسیا ئاگربەست و ئاشتی پێشێل بکات؟ تێدەگەم مشتومڕەکەتان ئێستا سەختە... 
 
ترەمپ: ئەوە تۆ چی دەڵێیت؟
 
ڤانس: دەڵێت ئەی ئەگەر رووسیا ئاگربەست پێشێل بکات؟
 
ترەمپ: ئەی ئەگەر هەر شتێک رووبدات؟ ئەی ئەگەر ئێستا بۆمبێک بە سەرتدا بەربێتەوە!؟ باشە!؟ ئەگەر ئەوان پێشێلی بکەن؟ نازانم. ئەوان لە کاتی بایدن پێشێلیان کرد، چونکە رێزی بایدنیان نەدەگرت. رێزیان لە ئۆباما نەدەگرت. ئەوان رێز لە من دەگرن. با پێتان بڵێم؛ پووتین لەگەڵ من بە زۆر شتدا تێپەڕی. ئەو رووبەڕووی تۆمەتبەخشینەوەی بێبنەما بووەوە. بەردەوام دەیانگوت رووسیا، رووسیا، رووسیا. هەرگیز گوێت لەوە بووە؟ ئەوە ساختەکارییەکی بێ بنەمای هەنتەر بایدن و جۆ بایدن بوو لەگەڵ هیلاری کلینتن و شیفتی ئادەم شێف. ئەوە ساختەکارییەکی دیموکراتەکان بوو. پێویست بوو پووتین بەوەدا تێپەڕێت. پێیدا تێپەڕی. لە کۆتاییدا تووشی جەنگ نەبووین. ئەو رووبەڕووی هەموو ئەمانە بووەوە. بەو شتانە تۆمەتبار کرا کە هیچ پەیوەندی پێیانەوە نەبوو. ئەم شتانە لە ئاودەستەکەی هەنتەر بایدنەوە هاتنە دەرەوە، لە ژووری نووستنی هەنتەر بایدنەوە هاتنە دەرەوە. زۆر قێزەون بوون. دواتر گوتیان بابەتی لاپتۆپەکە لە لایەن رووسیاوە دروستکراوە. 51 بریکارەکە و هەموو شتەکە درۆ بوون. پێویست بوو پووتین بەرگەی هەموو ئەو شتانە بگرێت، بەو هەموو شتە تۆمەتبارکرا. ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەمەیە: رەنگە پووتین لەگەڵ ئۆباما و بوش رێککەوتنی پێشێل کردبێت، رەنگە لەگەڵ بایدن پێشێلی کردبێت، رەنگە وایکردبێت یان نەیکردبێت، من نازانم، بەڵام لەگەڵ من پێشێلی نەکرد. دەیەوێت رێککەوتنێک بکەین. من نازانم دەتوانین رێکبکەوین یان نا. کێشەکە ئەوەیە، من یارمەتی تۆم داوە بۆ ئەوەی پیاوێکی بەهێز بیت، بڕواناکەم بێ ئەمریکا بەهێز بیت. خەڵکەکەت زۆر قارەمانن. 
 
زیلینسکی: باشە.
 
ترەمپ: بەڵام یان دەبێت رێکەوتنێک بکەیت یانیش ئێمە دەچینە دەرەوە. ئەگەر ئێمەش لەمە بچینە دەرەوە، ئێوە شەڕەکە دەدۆڕێنن. بڕواناکەم زۆری پێ بچێت، بەڵام دەدۆڕێن. ئێوە کارتتان نییە. بەڵام هەرکە رێککەوتنەکەتان واژۆکرد، پێگەتان زۆر باشتر دەبێت. بەڵام تۆ هیچ بە ئەمەک نیت، ئەوەش هیچ باش نییە، من راشکاوم، ئەوە هیچ باش نییە. پێم وایە بەسە ئیدی زۆرمان بینی. ئەمە دەبێتە بابەتێکی تەلەڤزیۆنیی گەورە، دەتوانم ئەمە بڵێم.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لەبارەی چالاکییە ئابوورییەکانی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان بۆ رووداو: بەرهەمدارن

ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، ستایشی پڕۆژەکانی وڵاتەکەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و بە "بەرهەمدار" ناوی بردن. زاخارۆڤا لەبارەی رۆژئاوای کوردستانیشەوە دەڵێ، دەبێت ئەو ناوچەیە بگەڕێتەوە بۆ چوارچێوەی یاسایی سووریا و مامەڵەی بازرگانیش تەنیا لە رێگەی حکومەتی دیمەشقەوە دەکرێ