رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی بانگەوازەکەی ئۆجەلانەوە دەڵێت، "هەر هەوڵێک بۆ چەکدانان و نەهێشتنی هەڕەشەکان، هەنگاوێکە ئێمە پێشوازی لێدەکەین."
رۆژی پێنجشەممە، 27-2-2025، شاندی دەم پارتی لە ئیستەنبووڵ پەیامی ئاشتیی ئۆجەلانیان راگەیاند. ئەحمەد تورک پەیامەکەی خوێندەوە. ئەوەش دوای ئەوەی شاندە حەوت کەسییەکە ئەمڕۆ سەردانی ئیمراڵییان کرد.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، "ئێمە راگەیێندراوەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانمان بینیوە، ئەمریکا، پەکەکەی بە رێکخراوێکی تیرۆریستی ناساندووە، بۆیە هەر هەوڵێک بۆ دانانی چەک و نەهێشتنی هەڕەشەکان، هەنگاوێکە ئێمە پێشوازی لێدەکەین."
ئۆجەلان لە بانگەوازەکەیدا رایگەیاند، "لە کەشوهەوای ئێستادا، کە بە بانگەوازی بەڕێز دەوڵەت باخچەلی دروست بووە و ئەو ئیرادەیەی کە بەڕێز سەرۆک کۆمار نیشانیداوە و هەڵوێستە ئەرێنییەکانی پارتە سیاسییەکانی دیکە بەرامبەر بەم بانگەوازە، من بانگەواز بۆ چەکدانان دەکەم و بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەم بانگەوازە دەگرمە ئەستۆ".
ئۆجەلان لە بانگەوازەکەیدا باس لەوە دەکات، "داڕمانی سۆسیالیزمی واقیعی لەساڵی نەوەتەکاندا بە هۆکاری نێوخۆوە، کۆتاییهاتنی نکۆڵیکردن لە ناسنامەی کوردی لە وڵاتەکەدا، ئەو بەرەو پێشچوونانەی لە بواری ئازادیی رادەربڕیندا هاتوونەتە کایەوە، هەموو پێکەوە بوونەتە هۆکاری ئەوەی پەکەکە نێوەڕۆک و مانای بوونی خۆی لەدەستبدات و بەبەردەوامی خۆی دووبارە بکاتەوە. لەبەرئەوە پەکەکە تەمەنی کۆتایی پێهاتووە و هەڵوەشاندنەوەی بووەتە زەروورەت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ