رووداو دیجیتاڵ
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ خەریکی گفتوگۆ و ئامادەکردنی پلانێکن بۆ کشاندنەوەی هێزەکانیان لە سووریا. مەزڵووم عەبدیش هۆشداریی "پشێوییەکی ئەمنیی گەورە" دەدات.
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکە دا دەردەکەوێت، کۆبوونەوەی ژمارەیەک رۆژنامەڤانە لە یەکێک لە هۆڵەکانی واشنتن دی سی پایتەختی ئەمریکا.
بەشێوەی ئۆنڵاین بەشداری لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی لەگەڵ ژەنەراڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکەن و پرسی سەرەکی پەیوەندییەکانی نێوان رۆژئاڤا و ئەمریکا و چارەنووسی هێزەکانی ئەمریکایە لە رۆژئاڤا.
ژەنەراڵ مەزڵووم عەبدی وەڵامی پرسیارێکی رووداوی دایەوە لەبارەی گفتوگۆکان بۆ مانەوە یانیش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا.
فەرماندەی هەسەدە بە رووداوی گوت: ''بۆ هەبوونی هێزەکانی ئەمریکا، کە بمێنن یان بکشێنەوە، تاوەکو ئێستا هیچ شتێکی فەرمی بە ئێمە نەگوتراوە. نە بەشێوەی ئەرێنی نە بە نەرێینی، بەڵکو لەسەر پلانی پێشوومان بەردەوامین، بەڵام بۆچوونی من ئەوەیە کە تاوەکو دێت هەڕەشەکانی داعش زیاتر دەبن و بۆشاییەکی ئەمنی دروست دەبێت، ئێمە پێویستمان بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا هەیە."
مەزڵووم عەبدی هۆشداریشی دا لەوەی کە "ئەگەر کشانەوەیەک ببێت، پشێوییەکی ئەمنیی گەورە دروست ببێت و کاریگەری لەسەر ناوچەکەش دەبێت. داعش بەتەنیا لێرە هەڕەشە نییە، لە شوێنی دیکەش هەیە، بۆیەش بڕواموایە کە ئێمە هێشتا پێویستیمان بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکایە تاوەکو بۆمایەکی درێژتر لەشەڕی داعش بەردەوام بین.''
ئەم قسانەی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە کاتێکدان، رووداو لە رێگەی سەرچاوەیەکەوە لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا زانیویەتی، ئیدارەی ئێستای دۆناڵد ترەمپ خەریکی گفتوگۆ و ئامادەکردنی پلانێکن بۆ کشاندنەوەی هێزەکانیان لە سووریا.
دەشیانەوێت ئەو پلانە لە ماوەی 30 بۆ 90 رۆژدا ئامادەبێت و بخەنە بەردەم دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تاوەکو دوایین بڕیار لەبارەی مانەوە یانیش کشاندنەوەی هێزەکانیان لە سووریا بدات.
بەگوتەی ئەفسەرێکی باڵای پێشووی هەواڵگریی ئەمریکاش کە سەر بە پارتی کۆمارییەکانە و پێشتر لە عێراق و سووریا کاری کردووە، رۆڵی هێزە کوردییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر رۆڵێکی گرنگە، بۆیەش ئەمریکا لە پشتیوانییەکانی بۆ ئەو هێزانە بەردەوام دەبێت، هەتا ئەگەر لە سووریا و عێراقیش بکشێنەوە.
جۆن میریک، ئەفسەری باڵای پێشووی هەواڵگری ئەمریکا دەڵێت: ''هێزە کوردییەکان لە عێراق و سووریا، بە درێژایی ئەوکاتەی ئێمە لە ناوچەکە بووینە، هاوپەیمانێکی بەهێز بوونە، زۆر بەهێزبوونە لە خۆڕاگریان بەرامبەر بە توندڕۆیی تیرۆر و تیرۆرستەکان. رۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە تێکشکاندنی دەسەڵاتی داعش لە سووریا، بەتایبەتیش لە باکووری رۆژهەڵات، بۆیە ئەو هێزانە پێویست بوو و پێویستیشە پشتیوانی بکرێن. دەبێت رێگەیەک بدۆزرێتەوە کە ئەو هێزانە ببن بەبەشێک لە هەر سیستمێکی ئاسایش کە لە کۆتاییدا لە عێراق و سووریا بنیاتدەندرێت."
هەرچەندە حکومەتی ئەمریکا گفتوگۆ لەبارەی مانەوە یانیش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و رۆژئاڤای کوردستان دەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک نییە بۆ کشاندنەوەی ئەو هێزانە لە سووریا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ