کۆشكی سپی 30 رۆژ مۆڵەت دەداتە فەرمانگە فیدراڵییەکان بۆ قەدەخەکردنی تیکتۆک


رووداو دیجیتاڵ 

کۆشکی سپی 30 رۆژ مۆڵەت دەداتە فەرمانگە فیدراڵییەکان بۆ ئەوەی تیکتۆک لەسەر هەموو مۆبایلەکانی حکومەت قەدەخە بکەن. 
 
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 27ـی شوباتی 2023، شالاندا یەنگ، بەڕێوەبەری نووسینگەی بەڕێوەبردن و بودجە لە کۆشکی سپی لە یاداشتێکدا داوای لە فەرمانگە حکومییەکان کرد بۆ ئەوەی لە ماوەی 30 رۆژدا ئەپلیکەیشنەکە لەسەر ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی فەرمانگەکان "لاببەن و رێگە بە دووبارە دابەزاندنەوەی نەدەن." 
 
بەڕێوەبەری نووسینگەی بەڕێوەبردن و بودجەی ئەمریکا داوا لە فەرمانگە فیدراڵییەکان دەکات رێگە لە گەیشتنی ئینتەرنێت لە ئامێرەکانەوە بۆ ئەپلیکەیشنەکە بگرن. 
 
ئەو قەدەخەکردنە، شوێنە بازرگانییەکان لە ئەمریکا ناگرێتەوە، کە پەیوەندییان بە فەرمانگە فیدراڵییەکانەوە نییە. هاوکات، ملیۆنان هاووڵاتیی دیکەش ناگرێتەوە کە بەشێوەیەکی تایبەت ئەپلیکەیشنە چینییەکە بەکاردەهێنن. 
 
جگە لەوەش، بەگوێرەی سەندیکای ئەمریکی بۆ ئازادیی سڤیل، کۆنگرێس بە یاسا تیکتۆک لە ئەمریکادا قەدەخە دەکات و رەخنە لەو بڕیارە دەگرێت. 
 
جێنا لێڤانتۆف، راوێژکاری باڵای سیاسی لە سەندیکاکە دەڵێت: "نابێت کۆنگرێس هەموو پێگەکان سانسۆر بکات و ئەمریکییەکان لە مافە دەستوورییەکانیان لە ئازادیی رادەربڕین بێبەش بکات. ئێمە مافی ئەوەمان هەیە تیکتۆک و پێگەکانی دیکە بەکاربێنین بۆ ئەوەی هزر و بیروڕاکانمان لەگەڵ خەڵکی لە سەرتاسەری وڵات و جیهاندا بگۆڕینەوە."
 
تیکتۆک، کە ئەپلیکەیشنێکی بەرهەمهێندراوی کۆمپانیای بایت دانسی چینییە، لە ماوەی رابردوودا رووبەڕووی چاودێرییەکی چڕی وڵاتانی رۆژئاوا بووەتەوە، لە کاتێکدا، کە ترسیان لەوە هەیە، پەکین لە رێگەی ئەو بەرنامەیەوە، داتای بەکارهێنەران بدزێت. 
 
مانگی رابردوو، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا واژۆی لەسەر یاسایەک کرد، کە بەکارهێنانی تیکتۆک لەسەر ئامێرەکانی حکومەت قەدەخە دەکات. یاساکە، بەکارهێنانی تیکتۆک لە ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیرانیش قەدەخە دەکات. 
 
رۆژی دووشەممە، 27ـی شوباتی 2023، بەهۆی هەبوونی گومان لە دزەپێکردنی داتاکان و مەترسیی سیخوڕی، حکومەتی کەنەدا تیکتۆکی لەسەر هەموو مۆبایل و ئامێرەکانی دیکەی خۆی قەدەخە کرد.
 
حکومەتی کەنەدا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لە رۆژی سێشەممەوە، ئەپلیکەیشنی تیکتۆک لەسەر هەموو مۆبایلەکانی حکومەت لادەبرێت. بەکارهێنەرانی ئەو ئامێرانە لە داهاتووشدا رێگەی داونلۆدکردنی ئەپلیکەیشنەکەیان پێ نادرێت."