بنیامین نەتەنیاهوو بانگهێشتی کۆشکی سپی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ دەکرێت

29-01-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی بانگهێشتی کۆشکی سپی کرد و هەفتەی داهاتوو کۆدەبنەوە، بەوەش بنیامین نەتەنیاهوو دەبێتە یەکەم سەرکردەی بیانی لەدوای دەستبەکاربوونی ترەمپەوە سەردانی ئەمریکا بکات.
 
رۆژی سێشەممە، 28ـی کانوونی دووەمی 2025، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "سەرۆکوەزیران نەتەنیاهوو یەکەمین سەرکردەی بیانییە کە لە خولی دووەمی سەرۆکایەتیی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی بانگهێشت بکرێت".
 
سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ ئەمریکا لەکاتێکدایە، رۆژی 19ـی ئەم مانگە و رۆژێک پێش دەستبەکاربوونی ترەمپ، ئاگربەستی غەززە راگەیێندرا و ترەمپیش ئاگربەستەکە بە دەستکەوتی ئیدارەکەی دادەنێت. 
 
دوای ئەوەش کە ئاگربەستی غەززە کەوتە واری جێبەجێکردنەوە، ترەمپ رایگەیاند کە پلانی "پاککردنەوە"ی غەززەی لە خەڵکەکەی هەیە و داوای کرد بەشێکی زۆری خەڵکی غەززە بۆ میسر و ئوردن بگوازرێنەوە. 
 
پلانەکەی ترەمپ کاردانەوەی تووندی میسر و ئوردنی لێکەوتەوە و بەشێک لە وڵاتانی یەکێتی ئەورووپاش دژی داواکەی ترەمپ وەستانەوە. 
 
لەماوەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا ترەمپ بەردەوام بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ئیسرائیل هەرگیز دۆستێکی باشتری لە ئیدارەکەی نەبووە.
 
شەش رۆژ دوای دەستبەکاربوونی، ترەمپ رێگەیدا کە بارێکی بۆمبی '2000 پاوەندی' رەوانەی ئیسرائیل بکرێت. نەتەنیاهووش لە بەرامبەردا سوپای ترەمپی کرد.
 
بارەکە بریتی بوو لە بۆمبی 2000 پاوەندی واتە زیاتر لە 900 کیلۆیی، کە لە سەردەمی ئیدارەی بایدن وەستێندرابوو.
 
رۆژی 19-01-2025 ئیسرائیل و حەماس گەیشتنە ئاگربەست و جەنگ لە کەرتەکە وەستا، ئەوەش دوای ئەو هێرشەی بزووتنەوە فەلەستینییەکە کە لە 07ـی ئۆکتۆبەر کردییە سەر ئیسرائیل و 15 مانگ جەنگی لێکەوتەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هاوپەیمانیێتیی ترافیک لایت لە رەنگی پارتەکانی سەوز، زەرد و سووری ئەڵمانیا پێکدێت. وێنە: Klaus-Dieter Esser

هاوپەیمانیێتیی ترافیک لایتی ئەڵمانیا چییە؟

لە پرۆسەی سیاسیی ئەڵمانیادا هاوپەیمانی ترافیک لایت هەیە و ئەو هاوپەیمانێتییە ئاماژەیە بە هاوپەیمانێتی سێ قۆڵیی پێکهێنەری حکومەتی پێشووی ئەڵمانیا کە پێکهاتبوون لە پارتی سۆشیال دیموکرات (SPD)، پارتی دیموکراتی ئازاد (FDP) و پارتی سەوزی ئەڵمانیا.