بەشێک لە کۆمارییەکان بۆ بایدن: هێرش بکەرە سەر ئێران
رووداو دیجیتاڵ
کاردانەوەکان بەرامبەر هێرشکردنە سەر سەربازانی ئەمریکا لە ئوردن لەنێوخۆی ئەمریکادا زیاتر و تووندتر دەبن. ژمارەیەک لە کەسایەتییە دیارەکانی کۆمارییەکان داوا لە جۆ بایدن، سەرۆک و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەیان دەکەن هێرش بکاتە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران.
لیندزی گراهام، سیناتۆری ناسراوی کۆمارییەکان لە نووسینێکی کورتدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس داوا لە جۆ بایدن دەکات هێرشی سەربازی بکاتە سەر ئێران.
لیندزی گراهام لە نووسینەکەدا دەڵێت، "ئێستا لە ئێران بدەن. بە تووندی لێی بدەن".
هاوکات، جۆن کۆرنین، سیناتۆری کۆمارییەکان لە ویلایەتی تێکساس لە نووسینێکی کورتدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێک ئاراستەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەکات و دەڵێت، "ئێران بکەنە ئامانج".
لەدوای هێرشی سەر بنکەیەکی سوپای ئەمریکا لە ئوردن کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی، بەشێکی کۆمارییەکان داوای راستەوخۆ هێرشکردنە سەر تاران دەکەن؛ پێشتر بایدن گوتی کە هێرشەکە لەلایەن گرووپەکانی نزیک لە ئێران ئەنجامدراوە
— Rudaw (@Rudawkurdish) January 28, 2024
زانیاریی زیاتر:https://t.co/CGBzJJy2g0 pic.twitter.com/UnbZ5g7Z6O
تۆم کۆتن، سیناتۆری کۆمارییەکان لە پشکی ویلایەتی ئەرکەنساس پەیامێکی درێژی لە تۆڕی ئێکس بڵاوکردوەتەوە و رەخنە لە جۆ بایدن دەگرێت و بەوە تۆمەتباری دەکات کە کاردانەوەکانی بەرامبەر ئێران و هێزە نزیکەکانی لە ماوەی چەند مانگ و ساڵی رابردوودا لاواز بوون.
ئەو سیناتۆرە دەڵێت، "جۆ بایدن چەندین ساڵە ئێران بەهێز دەکات، ئەوەش بە قبووڵکردنی هێرشەکان بۆسەر سەربازانمان. بایدن بە پێدانی ملیاران دۆلار، بەرتیل دەداتە ئایەتوڵڵاکان".
تۆم کەتن هەروەها دەڵێت، "بەداخەوە چەند مانگێکە پێشبینی ئەوەم کردبوو هێرشێکی وەها روودەدات".
سیناتۆرە کۆمارییەکە داوای کاردانەوەی تووند بەرامبەر ئێران و هێزە نزیکەکانی دەکات و دەڵێت، "پێویستە تەنیا وەڵام بۆ ئەم هێرشانە، کاردانەوەی سەربازیی وێرانکەر بێت بۆسەر هێزە تیرۆریستییەکانی ئێران، چی لە نێوان ئێران و چی لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. هەر شتێکی کەمتر لەوە ئەوە جەختکردنەوەیە لەوەی کە جۆ بایدن ترسنۆکە و شیاوی ئەوە نییە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بێت".
هاوکات هەر ئەمڕۆ یەکشەممە 28-1-2024 مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کە کۆمارییە لە تویتێکدا نووسی، "پێویستە ئەمریکا پەیامێکی زۆر روون بۆ سەرانسەری جیهان بنێرێت و (پێیان بڵێت) کە هێرشکردنە سەر سەربازەکانمان قبووڵکراو نییە".
کاردانەوەی ئەم سیناتۆرانە لەکاتێکدایە، شەوی رابردوو هێرشێکی درۆنی کرایە سەر بنکەیەکی هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن کە بە تاوەر 22 دەناسرێت. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، 3 سەربازی ئەمریکی کوژراون و 34ی دیکە برینداربوون.
ئەنجامدانی ئەم هێرشە لە کاتێکدایە، لە 17-10-2023ەوە زیاتر لە 158 جار هێرشکراوەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا.
گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران کە خۆیان بە "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنن، دەڵێن، هێرشەکانیان وەڵامی پاڵپشتیی ئەمریکایە بۆ ئیسرائیل لە جەنگی غەززەدا.