لە تاقیگەیەکی بەریتانیادا تاقیکردنەوە لەسەر گەرمکردنەوە و ساردکردنەوەی خانوو بە کەمترین وزە دەکرێت

28-01-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، نرخی وزەی لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا ناسەقامگیرکردووە
شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، نرخی وزەی لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا ناسەقامگیرکردووە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە بەردەرگەی ماڵێک لە سالفۆردی شاری مانچێستەر لە بەریتانیا بەفرباریوە و پلەی گەرمای دەرەوەی خانووەکە بۆ 10 پلە خوار سفری سیلیزی دابەزیوە. 
 
ئەو بەفرەی دەبارێت لە ئاسمانەوە نییە و لەنێو سیستمی بارینی تاقیگەیەکی گەورەوە دێتە دەرەوە کە بە خانووی وزە ناسراوە. 
 
ویڵ سوان، بەڕێوەبەری تاقیگەکەیە و باس لە گرنگی کارەکەیان دەکات و دەڵێت: "کاتێک دەتەوێت لەوە تێبگەیت توانای خانوویەک لە پاراستنی وزەدا چەندە، دەبێت چاوەڕێی گۆڕانی کەش بکەیت، بەڵام ئێمە کەشەکەمان بۆ تاقیکردنەوەکە هێناوە. دەتوانین ئەو تاقیکردنەوەیەی کە دوو ساڵی پێویستە بە دوو هەفتە بیکەین."
 
لە تاقیگەکەدا دوو خانوو بە دوو شێواز و تایبەتمەندی جیاواز دروستکراون؛ تاقیگەکەش بە جۆرێک دیزاینکراوە، توانای دروستکردنی تەواوی کەشەکانی با، باران، بەفر و خۆرەتاوی هەبێت تاوەکو پلەی گەرمی دەوروبەری خانووەکان لە 20 پلە ژێر سفر بۆ 40 پلەی سلیزی بگۆڕێت. ئامانجیش لەو کارە دیاریکردنی باشترین کەرەستە و ئامێری تەکنەلۆجییە بۆ گەرمکردنەوە و ساردکردنەوەی ماڵان بە کەمترین وزە.
 
بەڕێوەبەری تاقیگەی ماڵی وزە باسی لەوە کرد، "ئەوەی ئێمە تاقیکردنەوەی لەسەر دەکەین هەموو شتێکە، دەرگە، پەنجەرە، بەربەستی گەرمی و ساردی و تەختە تاوەکو سیستمەکانی گەرمکەرەوە، فێنککەرەوە و پاککەرەوەی هەوا کە لە ماڵێکدا پێویستمانە." 
 
ئەو جەنگەی رووسیا رووبەڕووی ئەوروپای کردووەتەوە، دۆخی ئابووری و نرخی وزەی لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا جیهانیش ناسەقامگیرکردووە. ئەمەش پاڵنەرێکە کە ئیتر زانست رۆڵێک لە بەکارهێنانی وزەیەکی کەمتر بەراورد بە پێشوودا ببینێت. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە