کامیان بەهێزترە؟ تانکی ئابرامزی ئەمریکی یان لیۆپاردی ئەڵمانی؟


رووداو دیجیتاڵ

رۆژی 25ـی کانوونی دووەم جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا 31 تانکی ئابرامز دەداتە ئۆکراینا. هەمان رۆژ، ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا رەزامەندیی وڵاتەکەی بۆ ناردنی 14 تانکی لیۆپارد بۆ ئۆکراینا راگەیاند. گوتیشی رێگە بە وڵاتانی دیکەش دەدەن ئەو تانکانەی لە ئەڵمانیاوە پێیاندراون، بنێرنە ئۆکراینا. 
 
لێرەدا، بەراوردکارییێک لەنێوان تانکی لیۆپاردی ئەڵمانی و ئابرامزی ئەمریکی دەکەین، کە دەدرێنە ئۆکراینا بۆ ئەوەی لە دژی رووسیا بەرگری لەخۆی بکات. 
 
تانکی لیۆپارد 2 یان لیۆپارد 2A4 دروستکراوی ئەڵمانیایە. یەکەمجار لە ساڵەکانی هەشتاکان دروستکراوە و ئێستا وەشانێکی نوێی لێدروستکراوە. لوولەکەی دەتوانێت گوللـە تۆپی 120 میللیمەتری بهاوێژێت. بەشێوەیەکی گشتیش، 42 گوللـە تۆپ هەڵدەگرێت. جگە لەوەش، دوو دۆشکەی 7.62 میللیمەتریی لەسەر جێگیرکراوە. دەتوانێت لە دووریی پێنج کیلۆمەتر ئامانجەکەی هەست پێبکات و بیپێکێت.
 
لەبارەی قەبارەی تانکەکە؛ درێژییەکەی 9.97 مەترە، پانییەکەی 3.75 مەترە، بەرزییەکەی سێ مەترە و کێشەکەشی بە بێ ئەوەی ئامادەی شەڕکردن بێت 55 تۆنە، بەڵام لەکاتی شەڕدا کێشەکەی دەگاتە 62 تۆن. 
 
تانکەکە جێگەی چوار سەرنشینی تێدا دەبێتەوە. خێراییەکەی دەگاتە 70 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا و بە یەکجار پڕکردنەوەی تانکیی سووتەمەنییەکەی دەتوانێت 500 کیلۆمەتر بڕوات. 
 
تانکی ئابرامز، یان ئێم یەک ئابرامز دروستکراوی ئەمریکایە. لە ساڵی 1980ـەوە لە خزمەتی سەربازیدایە. لوولەکەی دەتوانێت گوللـەتۆپی 105 میللیمەتری بهاوێژێت. بەشێوەیەکی گشتیش، 55 گوللـە تۆپ هەڵدەگرێت. جگە لەوەش، دوو دۆشکەی 7.62 میللیمەتریی و 12.7 میللیمەتریی لەسەر جێگیرکراون. دەتوانێت لە دووریی سێ کیلۆمەتر ئامانجەکەی هەست پێبکات و بەئامانجی بگرێت.
 
لەبارەی قەبارەی تانکەکە؛ درێژییەکەی 7.91 مەترە، پانییەکەی 3.65 مەترە، بەرزییەکەی 2.88 مەترە و کێشەکەشی لەکاتی شەڕدا دەگاتە 60 تۆن. 
 
تانکەکە جێگەی چوار سەرنشینی تێدا دەبێتەوە. خێراییەکەی دەگاتە 67 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا و بە یەکجار پڕکردنەوەی تانکیی سووتەمەنییەکەی دەتوانێت 443 کیلۆمەتر بڕوات.