بۆ یەکەمجار ژنێک دەبێتە سەرۆکی هندۆراس؛ هاوژینەکەی بە کودەتا لەو پۆستە لابراوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سیۆمارا کاسترۆ وەکو یەکەمین سەرۆکی ژنی هندۆراس سوێندی یاسایی خوارد، ئەوەش لە کاتێکدا کە وڵاتەکە لە قەیرانێکی سیاسیدایە. پێشتر هاوژینەکەی بە کودەتا لەو پۆستە دوورخرابووەوە.
 
لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونیدا سیۆمارا کاسترۆ، سەرۆکی هندۆراس رایگەیاند، سەرکردایەتیی وڵاتێکی "رووخاو"ی گرتووەتە دەست، بەڵام بەڵێنی دا کە هەوڵ بۆ بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و شەفافییەت دەدات.
 
سیۆمارا تەمەنی 62 ساڵە و بەڵێنی داوە بە رووبەڕووبوونەوەی گرووپەکانی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر و لابردن یاخود شلکردنەوەی ئەو یاسایانەی کە بۆ لەباربردنی منداڵ لە وڵاتەکەی دانراون؛ بەڵام کارنامەکەی لەلایەن هەندێک لە ئەندامانی پارتەکەیەوە بە لاواز لێی دەڕوانرێت.
 
پێشتر مانوێل زێلایای هاوژینی سیۆمارا لە ساڵی 2006 تاوەکو 2009 سەرۆکی ئەو وڵاتە بووە و دواتر بە کودەتایەکی سەربازی لەسەر کار لادراوە؛ دوای لابردنی هاوژینەکەی لە دەسەڵات سیۆمارا لە ساڵانی دواتردا دوو جار خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی بەربژێر کرد، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، لە دوایین هەڵبژاردنیش کە لە نۆڤەمبەری ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو، توانیی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
 
سیۆمارا بە سەرکەوتنی کۆتایی بە حوکمی 12 ساڵەی پارتی نیشتمانیی راستڕەو هێنا کە رووبەڕووی چەندین سکانداڵ و تۆمەتی گەندەڵی ببوەوە. لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سیۆماراشدا بە هەزاران کەس بەشدارییان کرد کە لە یاریگەیەکی پایتەختی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو.
 
سیۆمارا دەڵێت، "ئەو کارەساتە ئابوورییەی کە بە میراتی بۆ من جێماوە، لە مێژووی وڵاتەکەماندا وێنەی نەبووە"، بەڵێنیشی دا بەوەی لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەودا رێگەنادات بە بەردەوامیی ئەو تاڵانکاریەی پێشتر هەبووە.
 
لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سیۆمارا-دا کامڵا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بەشداربوو، لەلایەن ئامادەبووانی رێوڕەسمەکەشەوە بە چەپڵەڕێزان پێشوازیی لێکرا.
 
ئیدارەی بایدن هیوای خواستووە کە سیۆمارا شەڕی گەندەڵی، هەژاری، تووندوتیژی و ئەو کێشانە بکات کە هاوکار بوون لە کۆچی نایاسایی لە ئەمریکای نێوەڕاستەوە بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
 
بە دەستبەکاربوونی سۆمارا کۆتایی بە دەسەڵاتی خوان ئۆرلاندۆ هێرناندز هات کە لە ساڵی ڤ2014وە سەرۆکی هندۆراس بوو؛ برایەکی هێرناندز لە ئەمریکا لەسەر بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکرا و باس لەوە کرا کە لە بازرگانییەکەدا پەیوەندییان بەیەکەوە هەبووە، بەڵام سەرۆکی پێشووی هندۆراس ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە.