ته‌قینه‌وه‌ی مه‌كۆی 'چاڵنجەر' چۆن روویداو كێ كه‌مته‌رخه‌م بوو؟
رووداو دیجیتاڵ
ئه‌مڕۆ 35 ساڵ تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر یه‌كێک له‌و كاره‌ساته بۆشاییگهرییانهی كه جیهانی تووشی شۆک کرد و كاردانه‌وه‌یه‌كی زۆری جه‌ماوه‌ریی له‌سەر ئاستی جیهان به‌گشتی و ته‌واوی ده‌زگا و دامه‌زراوه و فه‌له‌كناسان به‌تایبه‌تی لێکەوتەوە.
ته‌قینه‌وه و سووتانی مه‌كۆی ئاسمانیی (Challenger) دوای 73 چركه بوو له هه‌ڵدانی له رۆژی سێشه‌ممه، 1986-01-28 لە كاژێر 07:39 به كاتی هه‌ولێر له بنكه‌ی (كیپ كهنهڤیراڵ) له فلۆریدا، ناوی زنجیره‌یی زانستیی ئه‌و هه‌ڵدانه ناسراوبوو به گه‌شتی (STS-51-L) و حه‌وت كه‌شتیوانی له‌خۆگرتبوو كه بریتی بوون له "مایکڵ جی سمیت، دێك سكۆبی، رۆناڵد ماكنێر، ئیلیسۆن ئۆنیزووكا، كریستا ماكۆلف، جۆرج جارفس و جۆدێت ریسینك".
لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌ریانخست كه‌وا له شه‌وی پێش هه‌ڵداندا، پله‌ی گه‌رمیی سه‌كۆی هه‌ڵدان له (فلۆریدا) گه‌یشتبووه 7.7 پله له‌ژێر سفری سیلیزی و بووه هۆی داپۆشینی ته‌واوی سه‌كۆ، مووشه‌كه‌كان و تانكی سووته‌مه‌نی به چینێك له شه‌خته، ئه‌مه‌ش بووه مایه‌ی دڵه‌ڕاوكێییه‌كی ته‌واوی پسپۆڕان، چونكه نابێت پله‌ی گه‌رمیی له‌كاتی هه‌ڵداندا بگاته نزمتر له 4 پله‌ی سیلیزی، ئه‌گینا زیان به چینه‌كانی نێوان مووشه‌كه‌كانی پاڵنانه‌وه ده‌كه‌وێت، بۆیه پرۆسه‌ی هه‌ڵدان دواخرا بۆ رۆژی دواتر.
له رۆژی هه‌ڵدان 28-01-1986، پله‌ی گه‌رمیی هێشتا نزمتربوو له رێژه‌ی رێگه‌پێدراو و گه‌یشتبووه نێوان 1.7 تاوەکو 2.2 له‌ژێر سفری سیلیزی، به پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵدانه‌كانی پێشووتر كه ده‌گه‌یشتنه سنووری 12 پله‌ی سیلیزی.
له‌كاتی هه‌ڵداندا، كامێرا‌كان به روونی ده‌رچه بڵێسهییهكی ئاگرینیان بینی له خواره‌وه‌ی مووشه‌كه پاڵنه‌ره‌كه ده‌رده‌چوو، پاشان بڵێسهكه ده‌ستیكرد به گهورهتركردنی ئه‌و كونهی كه له لاشه‌ی مووشه‌كی پاڵناندا كردبوویەوه.
دوای 64 چركه بڵێسه‌ی ده‌رچوو له مووشه‌كه پاڵنه‌ره‌كه كونێكی بچووكی كرده‌وه له لاشه‌ی تانكیی سه‌ره‌كیی سووته‌مه‌نیی هایدرۆجین.
له چركه‌ی 73.1دا، بنكه‌ی ژێره‌وه‌ی تانكیی سووته‌مه‌نی به ته‌واوی جیابووه‌وە و ده‌ستبه‌جێ گوشاری سووتانی خێرا و مه‌زنی هایدرۆجین وایكرد نووكی هه‌ردوو مووشه‌كه پاڵنه‌ره‌كه به به‌شی سه‌ره‌وه‌ی تانكیی سه‌ره‌كیی سووته‌مه‌نی بكه‌وێت و ئیدی بڵێسه‌ی مه‌زنی ئاگر گه‌یشته مه‌كۆی ئاسمانی و له‌و ساته‌دا كه‌شتیوانان رووناكییه‌كی زۆر گەورە و به‌هێزیان بینی كه ته‌واوی كه‌شتییه‌كه‌یان داده‌پۆشێت له ده‌ره‌نجامی سووتانی هایدرۆجین و ئۆكسجینه‌وه، سه‌ره‌تا ته‌قینه‌وه‌كه وایكرد كه‌وا مه‌كۆیه‌كه سه‌ربه‌ست بێت و جیاببێته‌وه و به خێرایی 2011 كیلۆمه‌تر له كاژێرێكدا له‌نێو به‌رگه هه‌وای زه‌ویدا بڕوات، به‌ڵام هێز و گوشاری ته‌قینه‌وه‌كه خێراییه‌كه‌ی بووه هۆی پارچه پارچه بوونی مه‌كۆیه‌كه و گیانله‌ده‌ستدانی ته‌واوی كهشتیوانەکان.
راپۆرتی (لیژنه‌ی رۆجه‌رز)ی تایبه‌ت به لێكۆڵینه‌وه له كاره‌ساته‌كه رایگه‌یاند، كۆمپانیای (مۆرتن سایۆكۆڵ) كه (ئاژانسی ناسا) گرێبەستێکی له‌گه‌ڵ واژۆكردبوو له بواری دیزاین و دروستكردنی سیستەمی مووشه‌كه‌كانی پاڵنان، رایگه‌یاند، كۆمپانیای ناوبراو هه‌ڵه‌ی ته‌كنیكیی ئه‌نجامداوه له بواری دیزاینه‌وه، به‌تایبه‌تیش پێكه‌وه‌به‌ستانی په‌یكه‌ری دوو (مووشه‌كه‌كانی پاڵنان) به رینگی لاستیكیی زۆر پته‌و، به‌ڵام له‌دوای لێكترازانی ئه‌و رینگانه، ته‌واوی لاشه‌ی مووشه‌كه‌كان لێكترازا و پارچه پارچه بووه.
هه‌روه‌ها لێكۆڵینه‌وه‌ی (لیژنه‌ی رۆجه‌رز) ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا (ئاژانسی ناسا)ش هه‌ڵه‌ی ئه‌نجامداوه كاتێك پشتی به‌ستبوو به به‌كارهێنانی هه‌ندێک مادده‌ی تایبه‌ت كه خرابووه نێو پێكهاته و دیزاینی مه‌كۆی ئاسمانی، له‌پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان و هه‌روه‌ها سیستەمی پاراستنی گه‌رمی له (مه‌كۆی چاڵنجه‌ر) كه‌متربووه به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌مان سیستەم كه له‌نێو مه‌كۆی پێشووتری (كۆڵۆمبیا)دا هه‌بوو، هه‌روه‌ها په‌له‌كردن له پرۆسه‌كانی دووباره ئاماده‌كردن و چاككردنه‌وه و نه‌هێشتنی كه‌موكوڕییه‌كان پێش هه‌ڵدان هۆكارێكی دیكه بوو.