رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای هێڵە ئاسمانییەکانی ئازەربایجان کە خاوەنی فڕۆکە تێکشکاوەکەیە، ئەنجامی بەرایی لێکۆڵینەوەی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "فڕۆکەکەمان بەهۆی کاریگەرییەکی تەکنیکیی دەرەکییەوە تێکشکاوە".
رۆژی (هەینی، 27-12-2024)، هێڵی ئاسمانیی ئازەربایجان Azerbaijan Airlines لەبارەی تێکشکانی فڕۆکەیەکی لە کازاخستان کە 38 کەس تێیدا گیانیان لەدەستدا، لە تەلەگرام بڵاویکردەوە: "ئەنجامە بەراییەکانی لێکۆڵینەوە پێمان دەڵێت، فڕۆکەکەمان بەهۆی کاریگەرییەکی تەکنیکیی دەرەکییەوە تێکشکاوە".
ئەوە لە کاتێکدایە چەند راپۆرتێک بڵاوبوونەوە کە ئاماژەیان بەوە دەکرد، فڕۆکەکە "لەلایەن رووسیاوە بە ئامانج گیراوە."
هێڵی ئاسمانیی ئازەربایجان گەشتی فڕۆکەکانی بۆ 10 فڕۆکەخانەی رووسیا راگرت و رایگەیاند: "بڕیارەکە بەهۆی ئەنجامە بەراییەکانی لێکۆڵینەوەی تێکشکانی فڕۆکەی ئێمبرەیر 190ـە."
دوێنێ پێنجشەممە، ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز بە گەڕانەوە بۆ چوار سەرچاوە رایگەیاند، ئەو فڕۆکە ئازەربایجانییەی رۆژی 26-12-2024، تێکشکا، لە لایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی رووسیاوە خراوەتە خوارەوە.
فڕۆکە نەفەرهەڵگرەکە لە باکووی پایتەختی ئازەربایجانەوە بەرەو شاری گرۆزنیی رووسیا بەڕێککەوتبوو و لە نیوەی رێگەدا رێڕەوی خۆی گۆڕی.
فڕۆکەکە بە دووریی نزیکەی سێ کیلۆمەتر لە شاری ئەکتاوی کازاخستان، لە کاتی هەوڵدان بۆ نیشتنەوەی ناچاری، کەوتە خوارەوە و تۆپەڵێک گڕی گەورەی لێ بەرزبووەوە.
سەرچاوەیەک لە حکومەتی ئازەربایجانەوە بە پێگەی یۆرۆ نیوزی راگەیاند، لێکۆڵینەوەی سەرەتایی دەریخستووە، لە کاتی بەرپەرچدانەوەی هێرشی درۆنیی ئۆکراینا بۆ سەر شاری گرۆزنی، مووشەکی رووسیی زەوی بە ئاسمان گیراوەتە فڕۆکەکە و لە نزیک فڕۆکەکە تەقیوەتەوە و ساچمەکانی بەری کەوتوون.
دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی رووسیا بە رۆژنامەڤانانی گوت: "کارێکی هەڵەیە پێش تەواوبوونی لێکۆڵینەوە، گریمانەی بۆ بکرێت."
وەزارەتی گواستنەوەی کازاخستان لەبارەی ناسنامەی ئەوانەی لە فڕۆکەکەدا بوون، رایگەیاند، 37ـیان خەڵکی ئازەربایجان بوون، شەشیان خەڵکی کازاخستان، سێیان خەڵکی کیرگیزستان و 16ـیان خەڵکی رووسیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ