سەربازێکی دیلی کۆریای باکوور لە ئۆکراینا گیانی لەدەستدا

17 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئاژانسی هەواڵگریی کۆریای باشوور بڵاویکردەوە، سەربازێکی سوپای کۆریای باکوور کە نێردراوە بۆ جەنگی دژی ئۆکراینا بە زیندوویی کەوتە دەست ئۆکراینیەکان، بەڵام دواتر گیانی لەدەستدا.
 
رۆژی پێنجشەممە، 27ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئاژانسی هەواڵگریی کۆریای باشوور بڵاویکردەوە، "لەلایەن ئاژانسی هەواڵگریی وڵاتێکی هاوپەیمانمانەوە ئەوە پشتڕاستکراوەتەوە کە رۆژی 26ـی کانوونی یەکەم سەربازێکی کۆریای باکوور کە بە برینداری بەدیل گیرابوو بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا". 
 
بەگوێرەی سەرچاوەکانی نزیک لە سوپای ئۆکراینا، سەربازەکە لە ئۆپەراسیۆنێک لە هەرێمی کورسک بەدیل گیرابوو. هەروەها، بەشێک لە کەناڵەکانی تیلیگرامی نزیک لە ئۆکراینا وێنەی ئەو سەربازەیان بڵاوکردەوە. 
 
تشرینی دووەمی ئەم ساڵ، هەواڵی ناردنی سەربازانی کۆریای باکوور بۆ رووسیا بڵاوبووەوە، بە گوێرەی بەرپرسانی کیێڤ، کۆریای باکوور 12 هەزار بۆ 15 هەزار سەربازی بۆ هاوکاریکردنی سوپای رووسیا لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ ناردووە. زۆرینەشیان نێردراونەتە هەرێمی کورسک. 
 
شوباتی 2022 جەنگی ئۆکراینا و رووسیا دەستیپێکرد. تاوەکو ئێستا رووسیا نزیکەی 20٪ـی خاکی ئۆکراینای کۆنتڕۆڵکردووە. ئۆکرایناش نزیکەی 400 کیلۆمەتر دووجای لە خاکی رووسیا کۆنترۆڵکردووە. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە