جیهان
بیرۆکەی دابەشکاریی نەوەکان لەلایەن کارل مانهایم، توێژەری کۆمەڵایەتی و کۆمەڵناسی ئەڵمانییەوە لە ساڵی 1928 داهێندرا.
رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ چوونە نێو ساڵی نوێ، سەردەمی نەوەی ئەلفا کۆتایی پێدێت و سەردەمی نەوەیەکی دیکە دەستپێدەکات کە پێیان دەگوترێت نەوەی بێتا.
دیاریکردنی ئەو نەوانە لەسەر بنەمای کولتووری، کۆمەڵایەتی و مێژوویی پۆڵێنکراوە.
بەگوێرەی دابەشکارییەکە، ئەو کەسانەی کە لە کات و سەردەمێکی دیاریکراو لەدایکبوون و دیدگە و تێڕوانیانیان بۆ ژیان لەیەکدییەوە نزیکە، بەسەر چەند گرووپێکی نەوەکاندا دابەشکراون.
بیرۆکەی دابەشکاریی نەوەکان لەلایەن کارل مانهایم، توێژەری کۆمەڵایەتی و کۆمەڵناسی ئەڵمانییەوە لە ساڵی 1928 داهێندرا.
یەکەمین نەوە کە پۆڵێنیان بۆ کرا و ناوێکی تایبەتیان لێندرا، ئەو نەوەیە بوو کە لەنێوان ساڵانی 1928 تاوەکو 1945 لەدایکبوون و بە "نەوە بێدەنگەکە" ناسراون. ئەو نەوەیە لەنێوان ساڵانی جەنگی دووەمی جیهانی لەدایکبوون و بە نەوەیەکی زیرەک هەژمار دەکرێن.
هەروەها ئەو نەوەیە بەوە ناسراون زۆر گرنگییان بە خێزان و کۆمەڵگە داوە و لەڕووی سیاسیشەوە بە نەوەیەکی پارێزگار ناسراون.
لە ساڵی 1946 تاوەکو 1964 سەردەمی نەوەیەکی دیکە دەستپێدەکات کە بە Baby Boomers ناویان دەهێندرێت، لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم و لە سەروبەندی بزووتنەوەی مافەکانی مرۆڤ و جەنگی سارد لەدایکبوون.
ئەو نەوەیە بە نەوەیەکی گەشبین، تاکگەرا، کێبڕکێکار و زیرەک ناویان دەرکردووە.
سەردەمی نەوەی ئێکس -X لە ساڵی 1965 دەستپێدەکات و تاوەکو 1980 بەردەوام دەبێت. ئەو نەوەیە لە سەردەمێک لەدایکبوون کە جیهان لەڕووی ئابوورییەوە ناسەقامگیر بووە و سەرەتای سەرهەڵدانی تەکنەلۆژیا بووە.
ئەو کەسانەی لەو سەردەمەدا لەدایکبوون بەوە ناسراون کە کەسایەتییەکی سەربەخۆیان هەیە و توانای خۆگونجاندنیان لەگەڵ شتەکان هەیە.
لە ساڵانی 1981 تاوەکو 1996، سەردەمی نەوەی میلێنیاڵ یان نەوەی Y دەستپێدەکات. ئەو سەردەمە بە سەردەمی سەرهەڵدانی ئینتەرنێت و پەیوەندیی جیهانی دەناسرێت. ئەو کەسانەشی کە لەو سەردەمە لەدایکبوون بە کەسانی شارەزا لە تەکنەلۆژیا و یارمەتیدەر دادەندرێن و لە رووی کۆمەڵایەتیشەوە بە کەسانی هۆشیار دادەنرێن.
لەدوای ئەو نەوەیە، لە ساڵی 1997 تاوەکو 2012 سەردەمی نەوەی Z دەستپێدەکات. لەدایکبوونی ئەو نەوەیە لە سەروبەندی دروستکردنی مۆبایلی زیرەک، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دروستبوونی هۆشیارییە لەبارەی پرسە جیهانییەکان.
ئەو نەوەیە بە نەوەی دیجیتاڵی ناسراون، لەڕووی داراییەوە هۆشیارن و گرنگی بە پرسە جیهانییەکان و تەندروستیی دەروونییان دەدەن.
ساڵی 2013 تاوەکو 2025ـش بە سەردەمی نەوەی ئەلفا ناسراوە. لەدایکبووانی ئەو سەردەمە ئێستا لە تەمەنی منداڵیدان. ئەو نەوەیە لە سەروبەندی دروستکردنی ژیری دەستکرد، پەتا جیهانییەکان و گرنگیدان بە ژینگە لەدایکبوون.
لەدایکبووانی ئەم سەردەمە بەوە ناسراون کە زۆر تێکەڵ بە تەکنەلۆژیان و ژیریی دەستکرد بەشێکە لە ژیانیان. هەروەها لەگەڵ ئامرازەکانی فێربوونی کەسی هەیە.
ئەو کەسانەشی کە لە ساڵی داهاتوو تاوەکو 2039 لەدایکدەبن بە نەوەی سەردەمی بێتا دەناسرێن.
هەرچەندە تاوەکو ئێستا ئەو نەوەیە لەدایک نەبوون، بەڵام پێشبینیی دەکرێت نەوەیەکی ئەزمووندار بن و گرنگی بە پرسە جیهانییەکان بدەن.
پێشبینیی دەکرێت، بەرەوپێشچوونی ژیریی دەستکرد و زیادبوونی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا دوو ئاڵنگاریی سەرەکیی بەردەم نەوەی بێتا بن. رەنگە ئەرکی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی نەوەی زێد و ئەلفا بەدوایدا دەگەڕێن، لە سەردەمی ئەواندا روون ببنەوە.
بەپێی داتاکانی گەشەسەندنی دانیشتووان، چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو ساڵی 2035 ئەو نەوەیە 16٪ـی دانیشتووانی جیهان پێکبهێنن کە نزیکەی 1.6 ملیار کەس دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ