رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی نوێی ئەرژەنتین بڕیاریداوە گرێبەستی 5 هەزار فەرمانبەری نوێی حکومەت کە پێش هاتنەسەر دەسەڵاتی ئەو دامەزرابوون، نوێ نەکاتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 27ی کانوونی یەکەمی 2023، خاڤیەر میڵێی، سەرۆکی نوێی ئەرژەنتین، بڕیاریدا چەندین رێکاری تووندی ئابووری لە وڵاتەکە بگرێتەبەر ئەمەش هەروەکۆ خۆی دەڵێت، "بۆ سەقامگیرکردنەوەی باری ئابووری وڵاتەکەی، کە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا رووبەڕووی قەیرانێکی گەورە بووەتەوە و رەنگە رێژەی هاڵاوسانی ئەرژەنتین تاوەکو کۆتایی ساڵ بگاتە 200%".
میڵێی کە بە سیاستەڤانێکی راستڕۆ و بە ترەمپی ئەرژەنتین ناسراوە، لە هەڵبژاردنی 10ی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ سەرکەوتنی بەدەستهێنا و هاتە سەر دەسەڵات، لە یەکەم هەنگاویشیدا رایگەیاند، مووچەی ژمارەیەک فەرمانبەری حکومی نادات، ئەمەش وەکو رێکارێکی بەپەلە بۆ دەربازکردنی وڵاتەکەی لەو قەیرانە ئابوورییەی رووبەڕووی بووەتەوە.
بێجگە لە نوێنەکردنەوەی گرێبەستی ئەو پێنج هەزار فەرمانبەرە نوێیە، میڵێی رایگەیاند، پێداچوونەوە بە گرێبەستی فەرمانبەرە کۆنەکانیشدا دەکات، بەڵام رێکارە تووندەکانی سەرۆکی نوێ، هەر لەئێستاوە خەڵک و فەرمانبەرانی تووڕە کردووە و لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا بە هەزاران کەس رژاونەتە سەر شەقامەکانی شار و شارۆچکەکانی ئەرژەنتین بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە دژی بڕیارە نوێیەکانی میڵێی.
هەروەها سەرۆکی نوێی ئەرژەنتین ئاماژەی بەوە کردووە، "ئەمە خاڵی دەستپێکە بۆ بونیاتنانەوەی وڵاتەکەمان و ئازادی و ئۆتۆنۆمی تاک. هەروەها گۆڕانکاری لەو ژمارە زۆرەی رێکارانە بکەین کە گەشەی ئابووری وڵاتەکەی وەستاندووە".
میڵێی تەمەن 53 ساڵ، پسپۆڕی ئابوورییە و لەسەر لێدوانە تووند و سەیرەکانی بەرامبەر بە دەسەڵاتدارانی ئەرژەنتین و رەخنەگرتن لە سیاسەتە ئابوورییەکانیان، دەنگێکی زۆری لە دوایین هەڵبژاردنە گشتییەکانی ئەرژەنتین لە رێگەی هاوپەیمانێتییەکەی بەناوی پێشکەوتنی ئازادی، توانیان 55%ـی دەنگەکان بەدەست بهێنن و حکومەتی نوێی ئەرژەنتین پێکبهێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ