لەسەر دیاریی کریسمس، هەرزەکارێکی ئەمریکی خوشکێکی خۆی دەکوژێت

رووداو دیجیتاڵ

دوو برا لەسەر وەرگرتنی دیاریی کریسمس دەبێتە کێشەیان و یەکێکیان خوشکەکەی دەکوژێت. پۆلیس دەڵێت، "بکوژەکە تەمەنی 14 ساڵە و دەستگیرکراوە، بە تاوانی کوشتن دادگەیی دەکرێت."
 
رۆژی چوارشەممە، 27-12-2023، پۆلیسی شارۆچکەی پینێلاس لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا رایگەیاند کوڕێکی هەرزەکار بە دەمانچە، خوشکی خۆی کوشت و بکوژەکەش لەلایەن برایەوە بریندارکرا. کێشەکە لەسەر ئەوە بووە کام لەو دوو برایە، دیاری زیاتری کریسمس وەردەگرن.
 
بەگوێرەی پۆلیس، "کوژراوەکە تەمەنی 23 ساڵە و دایکی دوو منداڵە. یەکێک لە منداڵەکان تەمەنی 10 مانگە و لەکاتی تەقەکردنەکە لەلای دایکی بووە لەنێو عەرەبانەیەک، بەڵام هیچ زیانێکی بەرنەکەوتووە."
 
هەر بەپێی پۆلیسی ئەو ناوچەیە، "بکوژەکە کوڕێکی تەمەن 14 ساڵە و دوای ئەوەی تەقە لە خوشکەکەی کردووە، برایە گەورەکەی کە تەمەنی 15 ساڵە بە دەمانچەی خۆی تەقەی لێکردووە و برینداری کردووە و رایکردووە، بکوژەکە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە."
 
بۆب گوالتێری، بەڕێوەبەری پۆلیسی پینێلاس لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، تەندروستیی بکوژەکە جێگیرە و هەرکاتێک لە نەخۆشخانە هاتە درەوە، دەستبەسەر دەکرێت و بە تاوانی کوشتن دادگایی دەکرێت. برایە گەورەکەش دواتر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا و بە تاوانی هەوڵدان بۆ کوشتن، دادگەیی دەکرێت.
 
لەبارەی ژنەکەشەوە، داواکاری گشتیی ناوچەکە رایگەیاندووە، بەهۆی تووشبوونی بە خوێنبەربوونی ناوەکی و کێشەی هەناسەنەدانەوە، گیانی لەدەستداوە.
 
بەپێی راپۆرتێکی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) ویلایەتی فلۆریدا لە ریزبەندیی 25 دێت لەسەر 50 ویلایەتەکەی ئەمریکا لەرووی ژمارەی تاوانەوە.