هێرشکارەکەی پاریس تۆمەتی "کوشتن و هەوڵی کوشتن"ی درایە پاڵ
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی پاریس لە پۆرت دیکلیشێ تۆمەتی "کوشتن و هەوڵی کوشتن"ـی ئاراستەی هێرشکارەکەی پاریس کرد. هەرچەندە لەوانەیە بڕیارەکە تووڕەیی رەوەندی کورد لە فەرەنسا بە تەواوی دانەمرکێنێتەوە، بەڵام دادوەرێک لە پاریس بکوژی سێ کوردەکەی پاریسی بە تۆمەتی "کوشتن و هەوڵی کوشتن" تۆمەتبارکرد.
دادوەرێک لە دادگەی پاریس بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە، تاوانبارە 69 ساڵییەکە لە دژی "رەچەڵەک و ئیتنیک و نەتەوە و ئاین" تۆمەتی کوشتن و هەوڵی کوشتنی بەسەردا ساخکراوەتەوە.
23ـی کانوونی یەکەمی 2022 پیاوێکی 69 ساڵی سەر سپی هەڵیکوتایە سەر سەنتەرێکی کولتووری و سەرتاشخانەیەک لە پاریس و سێ کەسی کوشت. دادگەکانی فەرەنسا ناوی تۆمەتبارەکەیان ئاشكرانەکردووە، بەڵام میدیاکان بە "ویڵیام ئێم" دەیناسێنن.
کلیمێنت پیالۆو پارێزەری تۆمەتبارەکەیە و پشتڕاستی دەکاتەوە کە دادگە بڕیاری خۆی داوە. دەڵێت، "بەڵێ، ئەمە بڕیارەکەیە کە لەلایەن دادوەری ئازادی و دەستبەسەرکردن دەرکراوە."
رۆژنامەنووس: کاردانەوەی بکوژ چۆن بوو؟
کلیمێنت: هیچ وەڵامێکم نییە.
رۆژنامەنووس: هۆکارەکان چین؟
کلیمێنت: پێمگوتن، کۆمێنتم نییە.
بکوژی سێ کوردەکەی پاریس بەتۆمەتی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری هێرشەکەی، سەرەتا برایە ژووری پشکنینی نەخۆشیی دەروونی، ئەمە کاردانەوەی تووندی رەوەندی کوردی لێکەوتەوە. رۆژی شەممەش خۆپێشاندانێکی پڕ لە تووندوتیژی لە پاریس بەڕێوەچوو.
بەگوێرەی میدیای فەرەنسا، بکوژ بە دادوەرانی گوتووە کە "تاڵانکردنی ماڵەکەی لە 2016 لەلایەن کەسانی بیانی" بیروبۆچوونی ئەوی بەرامبەر خەڵکی بیانی بەتەواوی بۆ رق و کینە و دژایەتیکردن گۆریوە.
دوایین بڕیاری دادگە تۆزێک لە تووڕەیی رەوەندی کوردی کەمکردەوە، رۆژی دووشەممە خۆپێشاندەران جارێکی دیکە هاتنەوە سەر شەقامەکان و بەشێوەیەکی ئاشتییانە ناڕەزاییان لە دژی رووداوە خوێناوییەکە دەربڕی، بەڵام هێشتا پرسیاریان ماوە، رەوەندی کوردی پرسیاریان لە بکوژ و پاڵنەری پشت هێرشەکە و کەسانی پشت هێرشەکەن.
تائێستا بەشێکی زۆری کورد لە فەرەنسا باوەڕیان وایە کوشتنی سێ کوردەکە دەستی گرووپێکی سیاسی پاڵپشتکراوی لەلایەن تورکیای لە پشتەوەیە.
عەگیت پۆڵات، گوتەبێژی ئەنجوومەنی دیموکراتی کورد لە فەرەنسا رایگەیاند، "ئۆتۆمبێلێکی تورکی بوو، خۆم بینیم. وێنەمان لایە. دەچێتە کۆشکی دێ لا کۆماری، نیشانەی 'گورگە بۆری' پێوەدیاربوو، بەمشێوەیە رووداوەکەی نایەوە. ئەمە ئەوکاتەبوو کە هەموو ئەو تووڕەبوونەی لێکەوتەوە کە لە کۆشكی کۆماری درووستبوو. ئێمە سەرکەوتوو نەبووین و رێگەشمان پێنەدرا خۆپێشاندان بکەین."
یەکەمجار نییە لە فەرەنسا رووداوی لەم شێوەیە روودەدات، لە 10ـی کانوونی دووەمی 2013 سێ ژنە چالاکڤانی کوردی سەر بە پەکەکە بە ناوی ساکینا جانسز، فیدان دۆگان و لەیلا سۆیلەمەز لە پاریس بەکوژراوی دۆزرانەوە.