بەهۆی گەردەلوولێک لە فیلیپین 28 کەس گیانلەدەستدەدەن


رووداو - هەولێر

ئاژانسی کارەساتەکان لە فیلیپین رایدەگەیێنێت، بەهۆی گەردەلوولێک لە فیلیپین لانیکەم 28 کەس گیانیان لەدەستدا و تاوەکو ئێستاش لانیکەم 12 کەس بێسەروشوێنن، زیاتر لە 58 هەزار کەسیش ئاوارە و دەربەدەربوونە.
 
بەهۆی بەهێزیی گەردەلوولەکەوە هێڵەکانی ئینتەرنێت و تۆڕەکانی پەیوەندیکردن لە هەندێک لەو ناوچانەی کە زۆر بە خراپی زیانیان بەرکەوتووە پچڕاون.
 
بەهۆی رووداوە سرووشتییەکەوە لانیکەم 58 هەزار کەس ئاوارە و دەربەدەربوونە و زیانێکی زۆر بەر ناوچەکە کەوتووە، گەردەلوولەکە لە رۆژی کریسمس هەڵیکردووە و خێراییەکەی 195 کیلۆمەتر بووە لە کاژێرێکدا.
 
گەردەلوولەکە ناونراوە بە گەردەلوولی ئورسولای، ئەو ناوچانەی بەرکەوتوون ژمارەیەکی بەرچاو لە خانووەکانی وێرانکردوون و ناوچە گەشتیارییەکانی تێکداوە.
 
کێشە بۆ گەشتیارانی ئەو وڵاتە دروستبووە، گەشتیارێکی کۆری لە فڕۆکەخانەیەکی ئەو وڵاتە باس لەوە دەکات، کەس نایەوێت فڕۆکەخانەکە جێبهێڵێت و دەڵێت "تەکسییەکان هێشتا کاردەکەن، بەڵام کەش و هەوا با و باراناوییە".
 
پێشتر لە ساڵی 2013 بەهۆی گەردەلوولێکەوە کە بە "گەردەلوولی بەهێز" ناودەبرا و مەرگەساتبارترین گەردەلوولی ئەو وڵاتە بوو، زیاتر لە حەوت هەزار و 300 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا یاخود بێسەروشوێن بوون.