سەرۆکی چڤاکا کورد: دڵنیاین لەوەی کورد لە ئەڵمانیا بە جدی گوێی لێدەگیرێت

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی جڤاکا کورد لە ئەڵمانیا، گەشبینە بەوەی "دوای 30 ساڵ ماندوو بوون" کورد لە ئەڵمانیا بە جدی گوێی لێ دەگیرێت و وەکو بەشێک لە کۆمەڵگەی ئەڵمانی سەیردەکرێت.
 
ژمارەیەک هاونیشتمانیی چوار پارچەی کوردستان لەگەڵ چەندین کەسایەتیی سیاسیی ئەڵمانیا و نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هۆڵێکی پەرلەمانی ئەڵمانیا، کە تایبەتە بە بۆنە گرنگەکان، یادی 30 ساڵەی جڤاکا کوردیان کردەوە.
 
پەرلەمانی ئەڵمانیا، ئەو پەرلەمانەیە کە دەنگی بە ناساندنی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی و مانەوەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان داوە.
 
عەلی ئەرتان تۆپراک، سەرۆکی چڤاکا کورد لە ئەڵمانیا بە رووداوی گوت "ئێمە لێرە، لە بوندستاگی ئەڵمانیا یادی 30 ساڵەی خۆمان کردەوە. ئێمە یەکەمین رێکخراوی کوردین کە لە بۆندستاگی ئەڵمانی ساڵیادی خۆی دەکاتەوە. وتاری سیاسەتمەدارانیش دەریخست ئەمڕۆ هەموو لایەنەکان نوێنەرایەتییان لێرە هەبوو و هەمووان جەختیان لەوە کردەوە؛ کۆمەڵگەی کورد چەند گرنگە بۆ ئەڵمانیا."
 
هەروەها دەڵێ "بێگومان دڵخۆشم کە دوای 30 ساڵ ماندووبوونی بەڕاستی، لە سەرووی هەموویانەوە لەڕێگەی کاری سیاسی و دیپلۆماسیمانەوە، توانیومانە دڵنیابین لەوەی کورد لێرە لە ئەڵمانیا دەبینرێت، بەجدی گوێیان لێدەگیرێت و لە سەرووی هەمووشیانەوە وەک بەشێک لەو کۆمەڵگەیە تەماشا دەکرێن."
 
چڤاکا کورد لە ئەڵمانیا نوێنەرایەتیی نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار تاوەکو دوو ملیۆن کورد دەکات. بووەتە چەترێک بۆ رەوەندی کورد. چەندین ساڵە کار بۆ گەیاندنی دەنگی کورد و مافی کورد لە ئەڵمانیا دەکەن. 
 
ئەوان، تائێستا سەرکەوتوو بوون لەوەی لە شەش هەرێمی ئەڵمانیا، خوێندنی زمانی کوردی لە قوتابخانەکان بکەنە فەرمی. 
 
ریم عالەبالی رادۆڤان، وەزیری دەوڵەتە بۆ کاروباری کۆچبەران و دەڵێ چڤاکا کورد نەوەک تەنیا بۆ کورد بەڵکو بۆ هەموو کۆمەڵگەی ئەڵمانیا گرنگە.
 
ریم عالەبالی هەروەها گوتی "کوردانی ئەڵمانیا وەکو گرووپە کۆچبەرەکانی دیکە تووشی ئاڵنگاری دەبن؛ لەلایەکەوە جیاکاری هەیە، بۆ نموونە لە بازاڕی کاردا، هەرچەندە دەیان ساڵە زۆر شت بۆ ئەم وڵاتە دەکەن، بەڵام بەڕاشکاوی رەگەزپەرستی دژەکوردیش ئەزموون دەکەن، لەنێو گرووپە کۆچبەرەکانیشدا. ئەمە بابەتێکە کە پێویستە لە داهاتوودا زۆر زیاتر باسی لێبکرێت و بێگومان پێویستە رووبەڕووی ببینەوە."
 
یەکێک لە کارە گرنگەکانی چڤاکا کورد، پێکهێنانی گرووپی پەرلەمانتارانە لە پێنچ پارتی ئەڵمانیا لەژێر ناوی ژیانی کورد لە ئەڵمانیا؛ 35 رێکخراو لە ئەڵمانیا ئەندامی کۆمەڵەکەن و نزیکەی 10 هەزار ئەندامیان هەیە، کە 10٪ـیان ئەڵمانین.