راستڕەوە تووندڕەوەکەی هۆڵەندا لە یەکەم هەوڵی بۆ پێکهێنانی حکومەت شکستیهێنا

رووداو دیجیتاڵ 

خیرت ڤیڵدەرز، سەرۆکی پارتی ئازادیی هۆڵەندا دانوستاندنەکانی بۆ پێکهێنانی حکومەتی دەستپێکرد، بەڵام لە یەکەم هەوڵیدا گەیشتە دەرگایەکی داخراو، چونکە بەرپرسی دانوستاندنەکانی حیزبەکەی دەستی لەکارکێشایەوە.
 
چاودێران و سەرکردەکانی جیهان و ئەوروپا بە وردی چاودێری ڤیڵدەرز و 'پارتی ئازادی' دەکەن بۆ ئەوەی بزانن دەتوانن لەگەڵ هاوبەشەکانیان حکومەتێک پێکبهێنن، لە کاتێکدا سەرۆکی پارتەکە بۆچوونی تووندی لەبارەی ئیسلام و کۆچبەری و یەکێتیی ئەوروپا هەیە.
 
پێش دەستپێکردنی دانوستاندنەکان لەمپەرێکی گەورە بۆ پرۆسەکە دروست بوو و هاوکێشەکەی بۆ شکستێکی تەواو گۆڕی، چونکە خوم ڤان شتیرن، کە لەلایەن خیرت ڤیڵدەرزەوە راسپێردرابوو بۆ سەرکردایەتیکردنی دانوستاندنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت دەستی لەکارکێشایەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لەلایەن میدیای هۆڵەنداوە تۆمەتبارکرا بە ئەنجامدانی ساختەکاری لەو کۆمپانیایەى کە پێشتر کارى تێدا کردووە.
 
خوم ڤان شتیرن، سیناتۆری پارتی ئازادی دەڵێت: ''ئەو بارودۆخ و کاتەی کە سەرقاڵم دەکەن بە وەڵامدانەوەی ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەم کراون، نەگونجاون لەگەڵ ئەو ئەرکەی پێمسپێردراوە''.
 
خوم ڤان شتیرن، بەرپرسی دانوستاندنەکانی پارتی ئازادی گوتیشی، خیرت ڤیڵدەرز و سەرۆکی پەرلەمانی ئاگادارکردووەتەوە کە دەستبەجێ دەست لە پۆستەکەی هەڵدەگرێت.
 
بڕیاربوو رۆژی دووشەممە، 27-11-2023، خوم ڤان شتیرن بە فەرمی دەست بە ئەرکەکەی بکات بە دیدارێک لەگەڵ خیرت ڤیڵدەرز، کە پارتەکەی لە هەڵبژاردنەکانی 22ی تشرینی دووەمدا 37 کورسی و پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، بەڵام کۆبوونەوەکانی هەڵوەشایەوە.
 
رۆژێک بەر لەوە رۆژنامەی "NRC" بڵاویکردەوە کۆمپانیای "ئۆترێخت هۆڵدینگز" کە ڤان ستیرن تێیدا کاری تێدادەکرد، سکاڵایەکی لە پۆلیس تۆمارکردووە سەبارەت بەو ساختەکارییەی، کە گوایە لەلایەن سیناتۆرەکە و هاوکارەکانی دیکەوە کراون.
 
شتیرن ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە و بە "بێ بنەما" ناوی برد و گوتی: "پابەند بووم بە هەموو یاسا و رێساکان".
 
ئەم مشتومڕە لە دژی خیرت ڤیڵدەرز بە جۆرێک لە شکست تەماشا دەکرێت، خیرت ڤیڵدەرز و پارتەکەی بانگەشەی قەدەخەکردنی مزگەوتەکان، قورئانی پیرۆز و باڵاپۆشی دەکەن، هەروەها راپرسییەک بۆ دەرچوونی هۆڵەندا لە یەکێتی ئەوروپا رێکدەخەن.
 
سەرەڕای ئەو هەموو رەشبینییانە لەبارەی پارتەکەی، رۆژی دووشەممە خیرت ڤیڵدەرز رایگەیاند، کە ئەو بەربژێرە بۆ سەرۆکایەتیکردنی حکومەت، هاوکات داوای لە لایەنەکانی دیکە کرد، بەشداری "یارییە سیاسییەکان" نەکەن.
 
ڤیڵدەرز لە پۆستێکی تۆڕی ئێکسدا نووسی: ''ئەمڕۆ، سبەی و دوو سبەی، پارتی ئازادی هاوکار دەبێت بۆ حوکمڕانی هۆڵەندا، منیش دەبمە سەرۆکوەزیرانی ئەو حکومەتە بۆ ئەم وڵاتە جوانە''.
 
ڤیڵدەرز پەیامێکی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکان کرد و گوتی: ''تائێستا هەندێک لە سیاسییەکان لە بابەتەکە ناگەن''. هۆشداریشی لەبارەی شکستی پارتەکەی لە پێکهێنانی حکومەت دا و رایگەیاند: ''ئەگەر پارتی ئازادی شکست بهێنێت لە پێکهێنانی هاوپەیمانێتی بۆ پێکهێنانی حکومەت، ئەوە هەڵبژاردنێکی دیکە لە ئارادا دەبێت، ئەم پارتەش بەهێزتر دەبێت ئەگەر بژاردەی دیموکراسی ملیۆنان کەس نادیدە بگیرێت''. گوتیشی: ''تازە جنۆکە لە چراکە دەرچووە و ناچێتەوە شوێنی خۆی''.
 
بژارەکانی ڤیڵدەرز بۆ هاوپەیمانی روونن و رایگەیاندووە کە پشتگیری لە پێکهێنانی هاوپەیمانییەک دەکات لەگەڵ "کۆنگرەی نوێ" بە سەرۆکایەتی پیتەر ئۆمتسیگت کە 20 کورسی هەیە و ئەو پارتە پشتگیری لە چاکسازی دەکات، هەروەها بزووتنەوەی جووتیارانی هاووڵاتی کە 7 کورسی و پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسی کە نێوەندی راستڕەوە و 24 کورسی هەیە.
 
دیلان یەشیلگۆز، خانمە کوردی سەرۆکی پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسی بەشداریکردنی لە حکومەتێک بە سەرۆکایەتیی ڤیڵدەرز رەتکردەوە و رایگەیاند ئامادەیە بۆ "پشتیوانیکردن لە هاوپەیمانییەک کە لە راستی نێوەڕاستەوە سەرهەڵدەدات".
ڤیڵدەرز پێیوایە کە دەتوانرێت دانوستاندەکان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی لە ماوەی "سێ هەفتە"دا کۆتایی پێبهێنرێت ئەگەر هەمووان ئامادەبن سازش بۆ یەکدی بکەن، بەڵام دەستلەکارکێشانەوەی لەناکاوی رێکخەری دانوستاندنەکان دەبێتە هەڕەشە لەسەر ئەو خشتە کاتییە.
 
پێکهێنانی حکومەتی نوێی هۆڵەندا بەر لە ساڵی نوێ بە هەنگاوێکی ئاسان نابیندرێت؛ لە رابردوودا، بۆ پێکهێنانی کابینەی کاربەڕێکەری مارک رووتە، هۆڵەندییەکان 271 رۆژ چاوەڕێیان کرد.