ئەمریکا مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیای هواوی چینی قەدەخە دەکات

27-11-2022
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی ئەمریکا بە تۆمەتی "هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی،" هاوردەکردن، کڕین و فرۆشتنی کەلوپەلی پەیوەندیی ژمارەیەک کۆمپانیای چینی قەدەخە دەکات کە کۆمپانیای هواوی گەورە بەرهەمهێنەری بواری ئەلیکترۆنی و تەکنەلۆژیا بەشێکە لێی. بەو هەنگاوەش چاوەڕوان دەکرێت ساڵانە 11 ملیار دۆلار زیان بە ئابووریی ئەمریکا بگات.
 
جێسیکا رۆسنوێرسڵ، سەرۆکی کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکانی فیدراڵیی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکانی فیدراڵیی ئەمریکا پابەندە بە پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیمان، ئەوەش لەڕێگەی دڵنیایی دان لەوەی کەلوپەلی متمانەپێنەکراو مۆڵەتی پێنەدرێت لەنێو سنوورەکانماندا بەکاربهێندرێن". گوتیشی، یاسا و رێسا نوێیەکان بەشێکن لە وەستانەوە لە دژی "هەڕەشەی ئەمنی."
 
بڕیارە نوێیەکە هەریەکە لە کۆمپانیای هواوی تەکنەلۆژی و زی تی ئی دەگرێتەوە کە دوو کۆمپانیای گەورەی بەرهەمهێنەری کەلوپەلی تەکنەلۆژیان.
 
هەردوو کۆمپانیاکە لەلایەن کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکانی فیدڕاڵیی ئەمریکاوە خراونەتە لیستی هەڕەشەکارانەوە و رێکارە نوێیەکان وادەکات لە داهاتووشدا هەر مۆڵەتپێدانێکی کەلوپەلەکانیان لەنێو ئەمریکادا قەدەخە بکرێت.
 
ئەوەش دوایین هەنگاوی ئەمریکایە بۆ سنووردارکردنی هەژموونی تەکنەلۆژیای چینی و پەرەدان بە تەکنەلۆژیای نێوخۆی وڵاتەکە، لە کاتێکدا هەردوو وڵاتەکە دوو رکابەری گەورەی تەکنەلۆژیان لە جیهاندا.
 
لە ساڵی 2020دا کۆمپانیای هواوی رایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا بڕیارێکی لەو جۆرە بدات، وەبەرهێنەرە ئەمریکییەکان ساڵانە 11 ملیار دۆلار زیانیان بەردەکەوێت، بەو پێیەی بەگوێرەی کۆمپانیا چینییەکە، تەنیا لە ساڵی 2019دا بە بڕی 11 ملیار دۆلار مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ وەبەرهێنەرە ئەمریکییەکاندا کراوە کە لە دروستکردنی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکاندا پشت بە کەرەستە و کەلوپەلی کۆمپانیا چینییەکە دەبەستن. هەر ئەو کات کۆمپانیاکە هۆشداریی دا لەوەی ئەگەر ئەمریکا کارەکانیان لە وڵاتەکەدا قەدەخە بکات، نزیکەی 50 هەزار کەس لە ئەمریکا کارەکانیان لەدەستدەدەن.
 
بڕیارە نوێیەکەی ئەمریکا هەریەکە لە کۆمپانیاکانی هیکڤیژن و داهوا تەکنەلۆجیش دەگرێتەوە کە کەلوپەلی چاودێری دروستدەکەن.
 
پێشتر، واشنتن کۆمپانیای هواوی لە دابینکردنی کەلوپەل بۆ سیستمەکانی نێو حکومەتی ئەمریکا قەدەخە کردبوو و هانی خەڵکی دەدا بۆئەوەی لە کەرتی تایبەتیش کەرەستەکانیان بەکارنەهێنن. هۆکارەکەشی بۆ دزەپێکردنی زانیاریی هەواڵگری بۆ هەواڵگریی چینی گەڕاندەوە.
 
لە ساڵی 2019دا واشنتن کۆمپانیای هواوی خستە لیستی رەشی بازرگانییەوە و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی کۆمپانیا ئەمریکییەکانی لەگەڵ کۆمپانیا چینییەکەدا قەدەخە کرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.