لە پەکین بۆ یەکەمین جار تاکسیی بێ شۆفێر بەکاردەهێندرێت

27-11-2021
بژار زوبێر @BBashqaly
ڤیدیۆی یەکێک لە تاکسییەکان
ڤیدیۆی یەکێک لە تاکسییەکان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە پەکینی پایتەختی چین، بۆ یەکەمین جار جۆرە تاکسییەکی بێ شۆفێر بەکاردەهێندرێت. تاکسییەکە لە رێگەی جی پێ ئێس و هەستەوەر و کامێراکانی سەریەوە، رێگەی خۆی دەدۆزێتەوە و دەزانێت چی لە دەوروبەریدایە.
 
سەرنشینان لە رێگەی ئەپلیکەیشنەوە داوای تاکسیەکە دەکەن، شوێنی سەرکەوتن و دابەزینی خۆیان دیاریدەکەن و هەر بە ئۆنلاینیش پارەکەی دەدەن. 
 
ژاو، دانیشتووی پەکینە، دەڵێت، "من خۆم زۆر ئۆتۆمبێل لێدەخوڕم. بە راستی لێخوڕین بۆ رێگەیەکی دوور وام لێدەکات خەوم بێت و ماندووم دەکات، زۆر حەزدەکەم ئەم تاکسییە بێ شۆفێرانە بەکاربهێنم."
 
ئەگەرچی تاکسییەکە دەتوانێت بە تەواوی سەربەخۆیانە و بێ شۆفێر کاری خۆی بکات، بەڵام رێوشوێنەکانی سەلامەتی لە چین کۆمپانیاکەی ناچارکردووە کارمەندێک لە شوێنی شۆفێر دابنێت بۆ ئەوەی لە ئەگەری دروستبوونی هەر رووداوێکی کتوپڕدا، کۆنترۆڵی بکات.
 
بەشێک لە خەڵکیش ترسی ئەوەیان هەیە ئەم تەکنەلۆجیایە وەکو پێویست سەلامەت نەبێت. 
 
وانگ، دانیشتووی پەکینە و باس لەوە دەکات کە "هەندێ شۆفێر گرنگی بە یاساکانی هاتووچۆ نادەن، خەمی گەورەی من ئەوەیە کە رەنگە کۆمپیوتەرەکە نەتوانێت کاردانەوەی هەبێت، ئەگەر شۆفێرێک کتوپڕ سایدەکەی بگۆڕێت."
 
تاکسیە بێ شۆفێرەکە لە لایەن کۆمپانیای بەیدو کە بە گووگڵی چینی دەناسرێت بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیایەکی سەر بە تۆیۆتا دروستکراوە و ئێستا تەنیا لە باشووری پەکین کاری پێدەکرێت. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە