باران دوای چەندین ساڵ دەریاچەیەک لە مەغریب دەژیێنێتەوە؛ 'خەڵاتێکە لە ئاسمانەوە'

رووداو دیجیتاڵ

باران، دوای چەندین ساڵ دەریاچەیەکی وشکبووی لە بیابانی شاری مێرزووگا لە مەغریب زیندووکردووەتەوە. 
 
بیابانەکە لە دووریی 600 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژئاوای رەبەت ـی پایتەختی مەغریبە. 
 
دەریاچەکەی ژیاوەتەوە ناوی یاسمینایە و بووەتە جێگەی سەرنجی گەشتیاران. گەشتیارانی ناوخۆ و بیانیش دەڵێن 'ئەوە خەڵاتێکە لە ئاسمانەوە' بۆیان هاتووە.
 
یوسف ئەیت چیگا، رێبەری گەشتیاری دەڵێ "دەریاچەی یاسمینا ماوەیەکی زۆرە لێرە هەڵکەوتووە، بەڵام ئەمساڵ باران بووژاندوویەتیەوە. فلامینگۆی سوور لە دەریاچەکەدا هەن و گەشتیاران دێن بۆ ئەوەی وێنەی بگرن. لە هەموو وڵاتێکەوە دێن، وەک ئیتالیا، ئیسپانیا، بەریتانیا و ئەڵمانیا."
 
ساڵی رابردوو، وشکترین ساڵ بوو لە مەغریب لە ماوەی 80 ساڵی پێشوودا، بەوپێیەی رێژەی بارانبارین 48٪ کەمیکرد، بەڵام ئەمساڵ شەپۆلی گەورەی بارانبارین لە مانگی ئەیلوولەوە دەستیپێکردووە.
 
لاتیتا چیڤالیەر، سەرۆکی رێکخراوی منداڵانی بیابان و گەشتیار لەنزیک دەریاچەکەوە دەڵێ، "دوایین جار کە دەریاچەی یاسمینام بینی ئاوی تێدا بوو، 20 ساڵ لەمەوبەر بوو. چەند ساڵی رابردوو کارەسات بوو؛ نەماندەزانی بەرەو کوێ دەڕۆین. دەریاچەکە ئاوێکی کەمی تێدابوو."
 
ساڵی 2023 زیاتر لە 12 ملیۆن گەشتیاری بیانی روویان لە مەغریب کرد، سەردانی شاری مێرزوگا و دەریاچەی یاسمینا، بەشێکە لە ئامانجی گەشتیارانی بیانی.
 
ژان مارک، گەشتیارێکی دیکەیە لە مەغریب و دەڵێ "لە خۆشیدا وەک منداڵێکم لێهاتووە لە بەرەبەیانی رۆژی کریسمسدا. 20 یان 30 ساڵە دیمەنی وەها جوانی ئەم دەریاچەیەم نەبینیوە. لە 2008 دەریاچەکە ئاوی تێدابوو، گەشتیاری زۆریش روویان تێدەکرد."
 
کەرتی گەشتیاری رێژەی 7٪ـی ئابووریی مەغریب پێکدەهێنێت. لە ساڵی 2023 کەرتی گەشتیاری داهاتی 8.7 ملیار دۆلاری بۆ ئەو وڵاتە دەستەبەرکردووە.