زیاتر لە 24 ملیۆن ئەمریکی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا پێشوەختە دەنگیان داوە
رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا کەمتر لە 10 رۆژی ماوە، بەڵام لە بەشێکی ئەو وڵاتە دەنگدانی پێشوەختە بەڕێوەدەچێت.
سوزان نیگرانیم، دەنگدەرە لە کالیفۆرنیا و دەڵێ، "لەبەرئەوەی لە دەرەوەی وڵات کار دەکەم، خۆم ئامادە دەکەم گەشت بکەم و رۆژی هەڵبژاردن لە ئەمریکا نابم، بۆیە هەوڵم دا ئێستا دەنگ بدەم."
لە سیستمی هەڵبژاردنی ئەمریکا، دەنگدانی پێشوەخت هەیە و ئامانجەکەش کارئاسانیکردنە بۆ دەنگدەران تاوەکو لە رۆژی دەنگداندا ریزی دوورودرێژ دروست نەبێت و هانی زیاتری خەڵکیش بدرێت دەنگ بدەن.
دەکرێ لە دەنگدانی پێشوەختەدا دەنگدەر بچێتە بنکەی دەنگدان و دەنگی خۆی بدات، یان لە رێگەی پۆستەوە دەنگ بدات.
ئەو هاووڵاتییانەی مافیان هەیە پێشوەختە دەنگ بدەن، بریتین لەوانەی لە رۆژی هەڵبژاردندا گەشتیان هەیە، نەخۆشن، کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەتن، بەتەمەنن، کارێکی تایبەت یان بەرپرسیاریێتییەکی ئایینیان لە رۆژی هەڵبژاردندا هەیە، خزمەتی سەربازییان هەیە یان لە دەرەوەی ئەمریکا دەژین و کار دەکەن.
مینیسۆتا، داکۆتای باشوور و ڤێرجینیا، ئەو سێ ویلایەتەن دەنگدانی تایبەت تێیاندا لە هەموو شوێنێک زووتر دەستیپێکردووە، کە 20ـی مانگی رابردووە.
تیم ولیەمس دەنگدەری پێشوەختە دەڵێ "راستییەکەی هەر ویستم دەنگدانەکە لە کۆڵ خۆم بکەمەوە و، خۆشحاڵ بووم ئەمڕۆ دەنگم دا. باشترە زووتر دەنگبدەی لەوەی درەنگ."
ئێستا لە 47 ویلایەتی ئەمریکا دەنگدانی پێشوەختە بەڕێوەدەچێت و تاوەکو ئێستاش زیاتر لە 24 ملیۆن ئەمریکی دەنگی خۆیان داوە.