یەکێتیی ئەوروپا داوای ئاگربەستی کاتی و دروستکردنی رێڕەوێکی مرۆیی لە غەززە دەکات

27-10-2023
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
نیشانەکردن شەڕی ئیسرائیل و حەماس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای دوو رۆژ کۆبوونەوەی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لەبارەی شەڕی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین، ئەندامانی یەکێتییەکە لە راگەیێندراوێکدا داوای دروستکردنی رێڕەوێکی ئارامیان کرد بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ خەڵکی غەززە.
 
ماوەی دوو رۆژە27 وڵاتی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا، لەبارەی شەڕی ئیسڕائیل و حەماس، لە برۆکسل لە کۆبوونەوەدابوون بۆ ئەوەی هەڵوێستێکی هاوبەشیان هەبێت لەبارەی مامەڵەکردن لەگەڵ شەڕەکە. سەرجەم وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە وێڕای پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لەخۆی، داوای پاراستنی خەڵکی سڤیل و گەیاندنی هاوکارییان بۆ غەززە کرد.
 
رۆژی هەینی، 27ـی تشرینی یەکەمی 2023، کۆبوونەوەکە بە راگەیێندراوێکی 19 خاڵی کۆتاییهات و تێیدا داوای دروستکردنی رێڕەوێکی ئارامیان بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانیان بۆ کەرتی غەززە کرد.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی یەکێتیی ئەوروپا، داوای ئاگربەستی کاتی لە غەززە کراوە بۆ گەیاندنی کەلوپەل، خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکان بە خەڵکەکەی.
 
هاوکات، ئاماژە بە پێکهێنانی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بۆ ئاشتی کراوە کە "بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا بەڕێوەبچێت." ئیسپانیا کە دژی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانە لە غەززە، پێشنیازی پێکهێنانی ئەو کۆنفرانسەی کرد و پەسندکرا.
 
بەگوێرەی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا، "بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل، هاوکاری و گەیاندنی خۆراک، ئاو، چاودێریی پزیشکی و پەناگە، دوای ئەوەی دڵنیابووینەوە لەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان سوود لەو هاوکارییانە وەرناگرن، لە نزیکەوە لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە ناوچەکە هاوکاریمان دەبێت."
 
وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا هەڵوێستیان لەبارەی شەڕی غەززە جیاوازە و چاوەڕوان نەدەکرا بگەنە رێککەوتنێکی هاوبەش لەبارەی دۆخی غەززە، بۆ نموونە وڵاتانی وەکو بەلجیکا، ئیسپانیا و ئێرلەندا داوایان کرد رێگە نەدرێت بە پاساوی بەرگریکردنی ئیسرائیل لە خۆی، کارەساتی مرۆیی لە غەززە رووبدات، بەڵام لە ئەنجامدا "هێرشە تیرۆریستییەکەی حەماس"ـیان شەرمەزار کرد و پشتیوانی خۆیان بۆ ئیسرائیل دووپاتکردەوە.
 
هاوکات لەو کۆنفرانسەدا بڕیاردرا دوو فڕۆکەی بارهەڵگر هاوکاری لە ئەوروپاوە بگەیێندرێتە غەززە و گوتیشیان کە "نابێت هیچ لایەنێک رێگری لە گەیشتنی ئەو هاوکارییانە بە خەڵکی غەززە بکات."

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو مرۆڤی بەرایی لەسەر گۆڕی مردوویەکیان. وێنەکە لە لایەن ژیریی دەستکردەوە دروستکراوە.

مرۆڤەکان سەرەتا لەبەرچی مردوویان بەخاکسپارد؟ زانست ئاشکرای دەکات

بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری زانستیی L’Anthropologie بڵاوکراوەتەوە، باوانەکانمان سەرەتا بە مەبەستی دیاریکردنی سنووری قەڵەمڕەویی خۆیان مردووەکانیان بەخاکسپاردووە.