کەسوکاری دیل و بارمتەکانی دەستی حەماس داوای ئازادکردنی کەسوکاریان دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
کەسوکاری دیل و بارمتەکانی دەستی حەماس لە بەردەم وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل لە تەلئەڤیڤ خۆپیشاندان بۆ ئازادکردنی کەس و کاریان دەکەن.
گای یاکۆبی، دانیشتووی کفار عزە دەڵێت، "هاتین بۆ گەیاندنی دەنگمان، بۆ داواکردنی هێنانەوەی دیلەکانی کۆمەڵگەکەمان و هەموو ئەوانەی دیکەش کە بردراون بۆ کەرتی غەززە بەبێ هیچ راگەیێندراوێکی سیاسی. چەپ بێ یا راست، هاتین بۆ هاوارکردن، دەپاڕێینەوە و دڵمان شکاوە."
لە هێرشەکەی رۆژی 7ی ئەم مانگەدا بۆسەر ئیسرائیل، حەماس 224 دیل و بارمتەی گرت و بۆ کەرتی غەززەی گواستنەوە.
لەنێو دیل و بارمتەکاندا، زیاتر لە نیوەیان هاووڵاتیی بیانی بوون. بە گوتەی حەماسیش، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە بۆسەر کەرتی غەززە تاوەکو ئێستا 50 دیل و بارمتەی ئیسرائیلی کوژراون.
خۆپێشاندەرە ئیسرائیلیەکان هیچ شتێکی دیکەیان جگە لە کەسوکار و هاوڕێکانیان ناوێت.
دیکلا سمامێرز، دایکی یەکێک لە دیلەکان دەڵێت، "هەموو کەسێک دەتوانێت هەندێکشت بۆ هێنانەوەیان بکات. ئەمە گرنگترین شتە کە ئێستا بکرێت، تەنیا بیانهێننەوە."
تاوەکو ئێستا حەماس چوار دیل و بارمەتەی ئیسرائیلی ئازادکردووە. بەڵام تاوەکو ئێستا هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئازادکردنی دیل و بارمتەکان و راگەیاندنی ئاگربەست سەرکەوتوو نەبوون.