پاپا فرانسیس: قەشە و راهیبەکان تەماشای پۆرن دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

پاپای ڤاتیکان هۆشداری لە مەترسیی پۆرن دەدات و دەڵێت، تەنانەت قەشە و راهیبەکانیش تەماشای دەکەن. 
 
پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا لە کاتی پێشکێشکردنی گوتارێکدا لە باسی پۆرنۆگرافیدا گوتی: "ئەمە گوناهێکە کە تووشی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی، ژنان و هەروەها قەشە و راهیبەکانیش بووە و ئەهریمەن لەوێوە دێتە ژوورەوە". 
 
پاپا گوتیشی کە ئەو نەک تەنیا باسی دەستدرێژیی سێکسی بۆسەر منداڵان و "پۆرنی تاوانکاری دەکات،" بەڵکو داوای لە ئامادەبووان کرد تەماشای هیچ جۆرە پۆرنێک نەکەن. 
 
هاوکات داوای لە قەشەکان کرد بۆ ئەوەی "ئەپڵیکەیشنی پۆرنۆگرافی لە موبایلەکانیان بسڕنەوە" و هۆشداریشی دا: "من پێتاندەڵێم، ئەمە شتێکە کە رۆح لاواز دەکات. رۆح لاواز دەکات. ئەهریمەن لەوێوە دەچێتە نێو جەستەتان و دڵی قەشێتیی ئێوە لاواز دەکات". 
 
لە ساڵی 2020 دا ڤاتیکان تووشی جۆرێک لە ئابڕووچوون بوو کاتێک هەژماری فەرمیی پاپا فرانسیس لە ئینستاگرام لایکی ژنە مۆدێلێکی بەرازیلی بە ناوی ناتالیا گاریبۆتۆ کرد و هەرای نایەوە. 
 
دواتر ناتالیا ئاشکرایکرد کە بەهۆی ئەو لایکەی پاپاوە، 600 هەزار فۆلۆوەری بەدەستهێناوە و دواتر ستافی ڤاتیکان لێکۆڵینەوەیەکیان لە پرسەکە کرد. 
 
لە گوتارەکەی ئەمجارەیدا، پاپا باسی لە شێوازی بەکارهێنانی موبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کرد و داوای لە خەڵکی کرد بۆ ئەوەی "بەباشی بەکاریبهێنن".