ترەمپ: کوڕەکەم بە 15 خولەک شکستی بە کۆرۆنا هێنا

27-10-2020
ساهیرە سدیق
ساهیرە سدیق
ترەمپ و بارۆنی کوڕی   وێنە:AFP
ترەمپ و بارۆنی کوڕی وێنە:AFP
نیشانەکردن ترەمپ ئەمریکا کۆرۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی تەندروستیی بارۆن، کوڕە بچووکەکەی دەڵێت، پشکنینی کۆرۆنایان بۆ کردووە و ئەنجامی پۆزەتیڤ بووە، بەڵام دوای 15 خولەک چاکبووەتەوە.
 
سەرۆکی ئەمریکا لە بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا لە ویلایەتی پێنسلڤانیا باسی وردەکاریی تووشبوونی خۆی، هاوژینەکەی و کوڕەکەی کرد و گوتی، سەرەتاکانی تشرینی یەکەم تووشی کۆرۆنا بوون. لەبارەی بارۆنیشەوە گوتی، "پزیشکەکە پێی گوتم ئەنجامی پشکنینی کوڕەکەت پۆزەتیڤە، دوای تەنیا 15 خولەک ویستم دڵنیا ببمەوە لە تەندروستیی کوڕەکەم، پرسیارم لە پزیشکەکە کرد، ئەمجارەیان گوتی، 'بارۆن باشە و ڤایرۆسەکە نەماوە.' "
 
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی هۆکاری "چاکبوونەوە خێراکەی" بارۆن ئاماژەی بەوە کرد، "بارۆن لە ئێمە بەهێزترە، چونکە گەنجە و گەنجەکانیش سیستەمی بەرگرییان باشترە". دەشڵێت، "99.98٪ ئەوانەی تەمەنیان لە 50 ساڵ کەمترە لە کۆرۆنا چاکدەبنەوە، بۆیە ئاساییە ئەگەر قوتابخانەکان بکەینەوە."
 
هەوڵەکانی ترەمپ بۆ کردنەوەی قوتابخانە لەکاتێکدایە ئەکادیمیای ئەمریکیی پزیشکانی منداڵان پێشتر رایگەیاندبوو، تاوەکو ئێستا نزیکەی 792 هەزار منداڵ لە ئەمریکا تووشی کۆرۆنا بوون، واتە منداڵان لە 11٪ـی رێژەی تووشبووانی کۆرۆنا لە ئەمریکا پێکدەهێنن.
 
کردنەوە و داخستنی قوتابخانەکان لە ئەمریکا تێکەڵ بە پرسی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی وڵاتەکە بووە. دیموکراتەکان پێیانوایە، ژیانی منداڵان گرنگترە لە قوتابخانە، بۆیە دەبێت قوتابخانەکان نەکرێنەوە. لە لایەکی دیکەوە کۆمارییەکان دەڵێن، لە بەشێک لە وڵاتەکاندا قوتابخانە کراوەتەوە و "هیچ کێشەیەکیش دروست نەبووە."
 
پێشتر سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا ئاماژەی بە چەند وڵاتێک کردبوو کە قوتابخانەکانیان کردووەتەوە و نووسیبووی، "ئەڵمانیا، دانیمارک، نەرویج، سوێد و چەندین وڵاتی دیکە قوتابخانەیان کردووەتەوە هیچ کێشەیەکیان نەبووە."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جارێکی دیکە جۆ بایدن، بەربژێری کۆمارییەکانی بە "خەواڵوو" باسکرد و گوتی، " بایدنی خەواڵوو دەیەوێت هەموو وڵاتەکە لە کەرەنتیندا بن، لە لایەکی دیکەوە رێگە بە ئاژاوەچییەکان بدات کاری تێکدەرانە بکەن."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە